1100 مێگاوات كاره‌با كه‌می كردووه‌ و شه‌ش یه‌كه‌ كوژاونه‌ته‌وه‌

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

شەش یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سلێمانی و هەولێر لەکارکەوتوون و بەهۆی کوژانەوەی دوو وێستگەش زیاتر لە هەزار مێگاوات ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە.

ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە نزیک کاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆوە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی، شەش وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سیستم دەرچوون و ناتوانن کارەبا بەرهەمبهێنن.

ئەو یەکانەی کە کێشەیان تێکەوتووە، چواریان لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەولێرن، کە بە غاز کاردەکەن، دوو یەکەکەی دیکە لە وێستگەی بازیان کوژاونەتەوە.

بەشێکی زۆری هاوڵاتییان بێکارەبا بوون

بە وتەی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی، بەهۆی کوژانەوەی ئەو یەکانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 1100 مێگاوات کەمی کردووە و بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بێ کارەبا بوون.

“تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای ناوەندیی هەرێم سەرقاڵی دۆزینەوەی کێشەکەن و خەریکە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە،” ئەندازیار غالب محەمەد وای وت.