سەرۆکی یانەکە هەم شوفێر و هەمیش راهێنەرە

بەهۆی قەیرانی دارایی نەچوونە هوتێل و لە باخێکدا خەوتن

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بەهۆی قەیرانی داراییەوە یاریزانانی یانەی چەمچەماڵ شەوی رابردوو لە باخێکی کەلار ماونەتەوە و هاوڕێیانیان خواردنیان بۆ دەبەن.

شەوی رابردوو، تیپی تۆپی پێی یانەی چەمچەماڵ دەگاتە کەلاری ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ ئەنجامدانی یارییان بەرامبەر یانەی شێروانە لە خولی نایابی کوردستان.

وەک لە وێنەکەدا دیارە، یاریزانانی یانەی چەمچەماڵ، لێفە و دۆشەکیان لەگەڵ خۆیان بردووە، سەرۆکی یانەکەش دەڵێت: بەهۆی قەیرانی دارایی نەمانتوانی لە هوتێل بمێنینەوە.

یانەی چەمچەماڵ، بە قسەی سەرۆکەکەی بێت 100 ملیۆن دینار قەرزارە، هەفتەی رابردووش راهێنەرەکەی دەستیلەکار کشاندەوە.

رێبوار خدر، سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ کە خۆی شوفێری کۆستەرەکەی کردووە بۆ گەیاندنی تیپەکەی بۆ کەلار، قسەی بۆ 964 کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە یاری ئەمڕۆیاندا بەهۆی نەبوونی راهێنەرەوە خۆی راهێنەرایەتی کردووە.

دەشڵێت: یانەی چەمچەماڵ بە قەیرانی دارایی دەستیپێکردووە و ھەر قەیرانی دارایش کۆتایی پێدێنێت.

یانەی چەمچەماڵ، ساڵی 1991 دامەزراوە، ئێستا بە 21 خاڵ لە رێزبەندی سێزدەیەمی یانەکانی پلە نایابی کوردستان دێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق