سیما کارگەکەی دامەزراند
گەڵای دار و سنۆبەر، توێکڵی ھێلکە، رەشکە و کونجی دەکاتە پەینێکی کوالێتی بەرز
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
سیما سامان، کچێکی ھەڵەبجەیی دەرچووی بەشی ژمێریاریە بەڵام خووی نەگرتووە بە کورسی و مێزو و حسابەتەوە و سەرقاڵی خۆڵ و دۆزینەوەی پاشماوەیە، تا بەشەڕواڵێکی کوردییەوە، پەینێکی کوالێتی بەرز بەرهەم بهێنێ.
ئەو ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی بەرھەمھێنانی پەیینی ئەندامیە، و ماوەیەکی کەمیشە شوێنێکی وەک کارگە لە ھەڵەبجە دروست کردووە، کە سفر تا سەدی ئیشەکەی لەو شوێنەدا دەکات.
سیما پاشماوەکان لەوێ کۆدەکاتەوە و وشکیان دەکاتەوە، دواتر تێکەڵی یەکتریان دەکات و دەیانکاتە پەینێک بێ ماددەی کیمیایی و دۆستی ژینگەیە.
سیما دەربارەی کارەکەی بە 964ی وت، پێش دەستپێکردنم ماوەی دوو ساڵ سەرقاڵی پرسیارکردن و لێکۆڵینەوە بووم لەسەر چۆنیەتی درووستکردنی پەیینێکی ئەندامی، دواتر رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ھاوکارییان کردم، و پێداویستی کارەکەم کڕی، ماوەی دوو ساڵ نەمامگەی سیروان شوێنێکیان بێ بەرانبەر پێدابووم تا کارەکەم لەوێدا بکەم، ئێستاش ماوەیەکی کەمە شوێنی کارەکەم گواستووەتەوە بۆ ھەڵەبجە.
سیما خوشکێک و دایک و باوکی هاوکاری دەکەن، ئێستا پێنج جۆر پەینی ئەندامی بە کوالیتیەکی بەرز دەخەنە بازاڕەوە.
دەربارەی کۆکردنەوەی ماددە خاوەکانی پەیینەکەی سیما دەڵێ، ھەر ماددەیەک لە ھەڵەبجە دەستبکەوێت خۆم کۆی دەکەمەوە، لەوانەش گەڵای دار، بەری سنۆبەر کە لە باخی گشتی دەستدەکەون، توێکڵی ھێلکەش کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە، لە شیرینی خانەکان وەریدەگرێ.
ئەو پێویستی بە پاشماوەی رەشکەشە وە لەو کارگانە وەریدەگرێ، کە زەیت بەرھەمدەھێنن، و لێرە بە رێژەی جیاواز ماددەکان تێکەڵ دەکت و دەیانکاتە کیسەی تایبەت و لە ئێستادا بە رێژەیەکی زۆر لە نەمامگە و گوڵفرۆشەکان ساخیان دەکاتەوە.
ئەو دەڵێ، چاوم لەوەیە کە بەرھەمەکەم بە تەواوی کوردستاندا بڵاوبکەمەوە، و تەنانەت بینێرمە دەرەوەش، چونکە کوالیتیەکی زۆر بەرزی ھەیە، سیما کارەکە بە تەنیا بەھی خۆی نازانێ، چونکە خوشکەکەشی ھاوکارێکی باشیەتی و بیرۆکەی پەرەپێدان بەکارەکە ھی خوشکەکەی بووە، دایک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەشی بەردەوام ھاوکاری دەکەن و لەگەڵیدان بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی دەیەوێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا