نۆ ساڵە کارکردن لە هۆڵی وەرزشیی دهۆک وەستاوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لەگەڵ ئەوەی 90%ـی کارەکانی تەواو ببوو، کەچی نۆ ساڵە هۆڵی داخراوی باسکتبۆڵی دهۆک کارەکانی تەواو نەکراوە، لەم ماوەیەشدا وەک بەڕێوەبەری وەرزشی دهۆک دەڵێت، بەهۆی قەیرانی دارایی تەواو نەکرا و ئێستاش رێژەی 20% زیان بە پڕۆژەکە گەیشتووە.

نۆ ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمی تەمەر کۆچەر، پارێزگاری پێشووی دهۆک، بەردی بناغەی هۆڵێکی داخراوی نێودەوڵەتی لە دهۆک دانراوە، بەڵام هێشتا رۆشنایی بەخۆیەوە نەدیوە و باوەشی بۆ هیچ یارییەک نەکردووەتەوە.

پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام هاتنی رێکخراوی داعش و قەیرانی دارایی، وای کرد کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت، ئەگەرچی 90%ـی کارەکانیشی تەواو کرابوو.

دوای نۆ ساڵ، زیانێکی زۆر بەر پڕۆژە تەواو نەکراوەکە کەوتووە و ئێستا بەشێکی زۆری جامەکان و کورسی دانیشتنی هاندەران شکاون و تا 25%ـی هۆڵەکە زیانی بەرکەوتووە.

سەفەر جەعفەر، بەڕێوەبەری وەرزشی دهۆک بە 964ـی وت، خەڵک زیانی زۆریان بە هۆڵەکە گەیاندووە، پارێزگاری دهۆک لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم بابەتەیە و خۆشی بەدواداچوونی کردووە، دەیەوێت هۆڵەکە تەواو بکات، بەڵام کێشەی بودجە هەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق