"گەشتێکەیان رۆحانییە"
حاجیانی کەلار بە ڤی ئاڕ سەردانی مەککە دەکەن
میلاد جەلال – کەلار
بۆ رێنماییکردنی ئەو هاوڵاتییانەی ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە، رێكخراوێک لە کەلار بە ئامێری ‘ڤی ئاڕ’ پرۆسەی حەجکردنیان پیشان دەدات.
عەلی مەحمود، سەرپەرشتیاری سەنتەری واو لە کەلار بە 964ـی راگەیاند، هاوڵاتییان پێش چوونە حەج، پێویستییان بە رێنوێنییە و ئەم هەنگاوەی ئێمەش بەرچاوڕوونی زیاتریان پێ دەدات.
سەرپەرشتیاری سەنتەری واو وتیشی: ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی کوردستان و بەڕێوەبەری حەج و عومرە، ئامێری ‘ڤی ئاڕ’ـمان هێناوە تا هاوڵاتییان بتوانن گەشتێکی رۆحانی بکەن و باشتر شارەزای پرۆسەی حەجکردن ببن.
دوێنی چوارشەممە 13.5.2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی حاجیانی کوردستان بە سەرکەوتووی بەردەوامە، تا ئێستاش نزیکەی 2000 حاجی بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککە.