شارەوانی ئاکرێ موچە به‌ ژینگەپارێز و گوێدرێژەکانیان ده‌دات

964+
زەید کۆچەر – ئاکرێ

ئەمە قەزای ئاکرێیە، هەورامانەکەی بادینان، یەکێکە لە دێرینترین ئەو ناوچانەی ژیانی تێدا پەیدابووە لە هەرێمی کوردستان، گەڕەکەکانی سەخت هەڵکەوتوون و تام و بەرامێکی کوردەوارییانەیان هەیە.

بەهۆی سەختی چەند گەڕەک و کۆڵانێکی قەزاکە، دەیان ساڵە شارەوانی بڕیاریداوە لەجیاتی سەیارەی کۆکردنەوەی خاشاک، چوار گوێدرێژ و خاوەنەکانیان بەکرێ بگرێت تاوەکو خاشاکی ئەو ماڵانە کۆبکەنەوە.

ئەو گەڕەکانە ناویان “چۆستە و گۆراڤا”نە، نزیکەی 500 خانوویان تێدایە، خەڵکەکەی لە هەرە قەدیمییەکانی شارەکەن.

964 سۆراغی ئەمەی کرد، ئەو چوار کەسەی دۆزییەوە کە خۆڵ و خاشاک بە گوێدرێژەکان کۆدەکەنەوە. سالم ئەحمەدی ژینگەپارێز وتی، هەر خۆڵ و خاشاک نییە، جاری وا هەیە نەخۆشیش دەگوێزنەوە.

خەڵکی گەڕەکەکان لە ژینگەپارێزەکان و گوێدرێژەکانیش رازین، ئەوان سوپاسیان دەکەن و پێیانوایە خزمەتێکی باشیان دەکەن.

شارەوانی ئاکرێ دەمێک ساڵە ئەو گوێدرێژانەی دامەزراندووە، کە رەنگە ئەمە جیلی سێیەم و چوارەمیان بێت، دڵشاد سەباح یەکێکە لە ژینگەپارێزەکان کە 20 ساڵە خۆڵ و خاشاکیان پێ کۆدەکاتەوە و دەڵێت، هەرکاتێک ئەو ماڵانە پێویستیان پێیان بێت ئەمان ئامادەن کاری خۆیان بکەن.

964 بۆی دەرکەوت گوێدرێژی پێنجەمیش بوونی هەیە، بەڵام سەر بە شارەوانی ئاکرێ نییە و سەربەخۆ کەسابەتی پێدەکرێت، خاوەنەکەی ئامادەنەبوو قسەمان بۆ بکات.

لەبارەی موچەی ژینگەپارێز و گوێدرێژەکانەوە، بڵند رەزا بەڕێوەبەری شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، وەکو یەک موچەیان بۆ دابینکردوون، ژینگەپارێز 410 هەزار دینار و گوێدرێژەکەش هەمان پارە، واتە بە گشتی 820 هەزار دیناری مانگانە وەردەگرن، جگە لە یەک دانەیان کە بە 350 بۆ خۆی و 350 هەزار بۆ گوێدرێژەکەی رێککەوتووە لەگەڵ شارەوانی.

لە نمونەی ئەم گوێدرێژانەدا چیرۆکێک هەیە، کە بریتیە لەوەی راستە ئەوان بە گوێدرێژی لەدایکبوون، بەڵام بە ژینگەپارێزیی دەژین و بە رەنج و هێز و بازوویان نانی خۆیان و خاوەنیان پەیدا دەکەن.