"ئەمساڵ نرخی دروێنە زیادی کردووە"
دەڕاسەکانی گەرمیان بۆ وەرزی دروێنە توندوتۆڵ دەکرێن
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گەرمیان چەند روژێکی کەمی ماوە دروێنەی دانەوێڵە دەستپێبکات، شۆفێری دەڕاسەکان نزیکەی دوو مانگە خۆیان بۆ ئەو رۆژانە ئامادە دەکەن و شۆفێرێکیش دەلێت، ئەمساڵ وەرزی دروێنە دواکەوتووە و نرخەکەشی زیادی کردووە بەراورد بە پار.
گۆران حەسەن، شۆفێری دەڕاسەیە بە 964ـى وت،”ھەموو ئامادەکارییەکی تەواومان کردووە بۆ دروێنەی ئەمساڵیش، لەدوای رەمەزانەوە دەستمانکردووە بە توندوتۆڵکردنی دەڕاسەکانمان، بۆئەوەی لەکاتی دروێنە پەکمان نەخات”.
“نزیکەی 10 رۆژێکی تر دروێنە لە سنووری گەرمیان دەستپێدەکات، ھەرچەندە بەراورد بە پار دروێنە دواکەوتووە بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بارانی باش باریوە”، گۆران حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە پار ئەمساڵ نرخی دروێنە زیادی کردووە، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ نرخی گاز و کەلوپەلەکانی دەڕاسە بەرز بووەتەوە، وتیشی، ئێمە یەکەم کەس بووین لە سنووری گەرمیان کە خۆمان کاکوتمان بۆ دەڕاسەکانمان دروستکردووە، ئەوانەی ھەیە ئێستا لە ئێران و تورکیا دەھێنرێن، بەڵام ئێمە خۆمان دروستمانکردووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر