70 کرێکار لە کێڵگەیەکی شارەزوور

کچ و کوڕ بۆ پاقلە رنین روویان لە دەشتە بە پیت و سەوزەکە کردووە

بڕوا مەجید – شارەزوور

لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆری بەیانی، کاتێک شەونم هێشتا لەسەر گەڵای باقلەکان نەبووەتەوە، دەنگی قسە و پێکەنینی دەیان گەنج و ژن و پیاو لە کێڵگەکانی ناوچەکە دەبیسترێت.
ئێرە تەنیا کێڵگەیەکی کشتوکاڵی نییە لە دەشتی شارەزوور و لە ئامێزی هەڵەبجە، بەڵکو کارگەیەکی گەورەی سروشتییە کە لە یەک کاتدا بژێوی دەیان خێزانی پێوە بەستراوەتەوە.
محەمەد مەحمود، کە سەرپەرشتیاری کرێکارەکانە، ئەو و هاوسەرەکەی بوون بە پردی نێوان خاوەن زەوی و ئەو گەنجانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، محەمەد بۆ 964 دەڵێت، من و خێزانم بەیەکەوە کاری کۆکردنەوەی کرێکاران دەکەین، ئەو سەرپەرشتی ژنەکان دەکات و منیش پیاوەکان، ئێستا کە وەرزی پاقلەیە، من لێرە لەگەڵ 70 کرێکار، لە هەمان کاتدا خێزانم لە شوێنێکی تر سەرپەرشتی 45 کرێکار دەکات بۆ چاندنی ناوکی شوتی.
محەمەد بە دڵخۆشییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە توانیوویانە لەم وەرزەدا هەلی کار بۆ زیاتر لە 120 کەس بدۆزنەوە تا لەو رێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەر لە دەرچووانی دانەمەرزراوە، تا فەرمانبەری کەرتی جیاواز و کاسبکار کاریان لەگەڵ دەکەن.
سەنا دڵسۆز، یەکێک لەو کچە گەنجانەی شانبەشانی پیاوان لە ناو کێڵگەکەدا سەرقاڵی رنینی پاقلەیە، ئەو بە چاوێکی پڕ لە ئومێدەوە بۆ 964 دوا، وە وتی، ئێمە لێرە تەنیا کار ناکەین، بەڵکو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتییەکی بەهێز پێکەوە ئێمە بەستووەتەوە.
لەنیا دەڵێ، کاری کشتوکاڵی بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی باش بۆمان، پێویست ناکات گەنجان بۆ کارکردن روو لە هەندەران و دەرەوەی وڵات بکەن، لێرە کاربکەن سەربەرزتر و ئاسانترە، لە هەمان کاتدا خزمەتکردنە بە نیشتمانی خۆمان.
هەڤاڵ حامد، ئەو جوتیارەی کە 100 دۆنم زەوی کردووە بە پاقلە و کرێکارکان کاری لەسەر دەکەن، باس لە رەنجی پێنج مانگی رابردوو دەکات ئەو بۆ964 دوا و دەڵێت، لە مانگی یەکەوە دەستمان بە چاندن کردووە و ئێستا یەکەم رۆژی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیە، هەرچەندە بارانی زۆر بەشێکی بەرهەمەکەمی لەناو برد، بەڵام ئێستا سەرقاڵی ڕنینی ئەم 30 دۆنمەین.
ئەو داواکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، هاوردەی بەرهەمی دەرەکی رابگرێت، وە وتی، ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ بپارێزرێت، رسق و ماندووبوونی ئەوان پارە دەکات، ئەگەر نا، ئەوانی جوتیار زیانمەندی یەکەم دەبن، لە کاتێکدا ئێستا یەک کیلۆ پاقلە بە نرخی کۆ لەنێوان 350 بۆ 550 دینار دەکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا