ئەکتەر و وەستایە
تەیار دهۆکی سۆپا چاکدەکات، چونکە نواندن و شعر بژێوی پێ نادەن
سیداد حەبیب – دهۆک
تەیار حەسەن کە لای دهۆکییەکان، بە “تەیار دهۆکی” ناسراوە، زیاتر لە 25 ساڵە لە یەک کاتدا سۆپا و عەلادین چاک دەکاتەوە و پڵیتەیان بۆ دەگۆرێ، و بەشداری دەیان کاری فیلم و شانۆیشی کردووە، ئەم دوو ئەرکە سەرچاوەی بژێوی ئەون.
تەیار، تەمەنی 75 ساڵە و خەڵکی پارێزگای دهۆکە، زۆرجاریش لەگەڵ کاری نواندنەکە شعر دەنووسێ.
تەیار دهۆکی باسی کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، 45 بۆ 46 ساڵە کاری هۆنراوە نووسین دەکات و چەندین هۆنراوەی نووسیوە، تا ئێستاش لەسەر نووسینی هۆنراوە بەردەوامە.
هەروەها ماوەی 25 ساڵە کاری ئەکتەری دەکات و لە چەندین درامادا بەشداری کردووە، بەتایبەت لە بواری کۆمیدیادا زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە دیمەنی کورت رەخنە بەزمانی گاڵتە و گەپ دەگەیەنێ.
لەگەڵ ئەوەی، لە ساڵی 1989 وە دەستی کردووە بە کاری چاککردنەوەی سۆپا و عەلادین و پڵیتە گۆڕین.
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو کاتەی تەنیا هۆنراوەنووس یان کاری نواندنی کردووە، پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دابین نەکراوە تا بتوانێت لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت، تەیار دەڵێت، کاری چاککردنەوەی سۆپا بۆ من کارێکی خۆشە و دەتوانم بە ئازادی تێیدا کار بکەم.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا