هه‌وره‌بروسكه‌ و لافاو گیانی دوو كه‌سیان برد

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

به‌ هۆی لافاو و هه‌وره‌بروسكه‌ له‌ شنگال و سنووری موسڵ، دوو كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و دوو كه‌سی  دیكه‌ش له‌ خنكان رزگار كران.

ئه‌م ئێوارەیه‌ “چوارشەممە 15.3.2023” گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵان به‌ ناوی عیسا قه‌وال له‌ گه‌لی كه‌رسێ ئاو بردوویه‌تی و خنكاوه‌، هه‌روه‌ها دوو كه‌سی دیكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ژێرئاو كه‌وتوون، به‌ڵام خۆیان رزگار كردووه‌.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی گشتیی شنگال بە تۆڕی 964ی وت “سێ کەس کە خەڵکی قەزای شنگالن، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەلی کەرسێ ژێرئاو كه‌وتوون، دوو كه‌س له‌وان خۆیان رزگار كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان خنكاوه‌”.

به‌ پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌و گه‌نجه‌ی خنكاوه‌ خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێره‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌نجێكی دیكه‌ به‌ ناوی محه‌مه‌د نه‌واف ئه‌لعابدی له‌ گوندی ریحانیه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی بادۆش له‌ سنووری موسڵ، به‌ هۆی هه‌وره‌بروسكه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، ئه‌م گه‌نجه‌ سێ مانگه‌ هاوسه‌رگیریی كردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا