"بە مانگ لە هەڵەبجە بووم"
گەنم ملی درێژکردووە و دەڕاسەکان بۆ دروێنە خۆیان حازر دەکەن
964+
عەبدلعەزیز خالند – هەولێر
پیاوێکی دانیشتووی دارەتووی هەولێر، 40 ساڵە سەروکار لەگەڵ دەڕاسە دەکات، کە دەزگایەکی گرنگە بۆ دروێنەی گەنم و هەر لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەکاری کردووە.
ساڵانە، لە کۆتایی مانگی ئایار و هەندێکجار زووتر سەرەتای دەستکردنە بە وەرزی دروێنە لە هەرێمی کوردستان، رەنگە ساڵەکە باراناوی بێت ئەو پڕۆسەیەش دوابخات.
ئەسعەد سەعید، خۆی لە بنەڕەتدا خەڵکی قادربغری سەر بە پارێزگای کەرکوکە، وەک باسی دەکات سێ شەریکی هەبوون، بەڵام سەرجەمیان وەفاتیان کردووە ئەم کە شاگردیان بووە، ئێستا خاوەن دەڕاسەیە و ساڵانە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی نۆژەنیان دەکاتەوە.
ئەوان، سەرەتا بە “12 هەزاری سویسڕی” بە چوار ماڵەوە دەڕاسەکەیان کڕیووە لە ساڵی 1986 و دەڵێت، دواتر دەستیان بە ئیشکردووە، ئێستا و لەو ساڵانەشەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و رانیە کاری دوورینەی گەنم دەکات و دەڵێت بۆ هەر کاتژمێرێک 55 بۆ 60 هەزار دینار وەردەگرین.
ئەسعەد سەعید، لە بەرهەمێکی 964 بەشداری کردووە و باسی ئەوەدەکات، دەڕاسە ساڵانە زیاتر بۆڵبەرینی تێک دەچێت و دەیگۆڕن، ئەوە لە کاتێکدا لەسەر زەوی کشتوکاڵی دەمی دەڕاسەکە دەدات لە بەرد یان بەهۆی کاری بەردەوامەوە گرفتی میکانیکی دروستدەکات.
بەڵام، روونی کردەوە دەڕاسە مۆدێل کۆنەکان مەسرەف و خەرجی کەمترە لە دەڕاسەی نوێ، ئەوەش رێگر نەبووە لەووی خەڵک زیاتر کار بە دەڕاسەی نوێ بکەن، وەک باسیشی کرس، دەڕاسە خاوەنەکەی خۆی دەبێت نۆژەنی بکاتەوە و نەیباتە لای وەستا، ئەگەریش دوو بۆ سێ کەس خەریکی پشکنین و نوێکردنەوەی بەشەکانی بن، ماوەی 15 رۆژیان پێویستە.
گرنگترین ئەو دانەوێڵانەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێ گەنمە، گەنم بەرهەمێکی زستانەیە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، بەڵام هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانیان وەک یەک نییە، باران لە باکوورەوە زیاترە تاکو باشور، لە باشوردا باران کەمترە و بەشی رووەک ناکات بۆ پێگەیشتن بۆیە پێویستی بە ئاودان دەکات هەندێک ساڵ.
ئەو گەنمەی لە کوردستان دەچێنرێ هەمە جۆرە، لەوانە (زەردکە، سپیکە، رەزاو، قەندەهاری و بەهارە)، بەڵام گەنمی (مەکسیباک) لە ساڵی 1964 هێندرایە عێراق و لە ساڵی 1967 دەست بە چاندنی کرا، لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەربرڵاو دەچێنرێ بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە ڕادەی دابارینی ساڵانەی لە نێوان (400 بۆ 500) ملم دایە.
چاندنی گەنم زۆرترین رووبەری کشتوکاڵی داگیرکردووە، بەڵام بەپێی بارودۆخی ئەم رووبەرە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێ هەروەها بڕی بەرهەمیش لە ساڵیکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوازی هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا