چارەسەرکرا
بۆرییەکى نەوتى عێراق کونبووە و نەوت رژاوەتە رووبارى دیجلەوە
964+
وریا فەتاح
بەهۆى سنووردارکردنى هاتوچۆى کەشتییە نەوت هەڵگرەکان، دۆخى ئابورى عێراق لەخۆى نییە، کەچى بۆرییەکى نەوتیش کونبووە و بەشێکى رژاوەتە رووبارى دیجلەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور توانییان بە سەرکەوتوویی رێگری لە دزەکردن و نیشتنی نەوت لە بۆرییەکی گواستنەوەی 20 ئینجی بگرن، کە لە نێوان کێڵگەی نەوتی “عەجیل” و پاڵاوگەکانی باکوور لە ناوچەی “بێجی” درێژ دەبێتەوە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری دزەکردنەکە بۆ کۆنیی بۆرییەکە و هۆکاری تەکنیکی گەڕاوەتەوە، جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەی چاککردن و چارەسەرکردنی بۆرییەکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا و تەنیا لە “یەک کاتژمێردا” ئەنجامدراوە.
سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکان، وەزارەتی نەوت روونی کردەوە کە بەهۆی بارانبارین و سروشتی جوگرافی ناوچەکە، بڕێک لەو نەوتەی دزەی کردبووە ناو رووباری دیجلە، بەڵام دەستبەجێ و بە هەماهەنگی لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور، پاڵاوگەکانی باکوور و بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سەڵاحەدین، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕە نەوتە دزەپێکراوەکە کراوە و مەترسییەکە رەوێنراوەتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت دەستخۆشی لە تیمە تەکنیکی، ئەندازیاری و ژینگەییەکان کرد کە بە هەوڵێکی نائاسایی و بە کارامەییەکی بەرز توانییان دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، بە مەبەستی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.