کەشناسی دەڵێت: رۆژی چوارشەممە مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی پێشبینەکانی کەشناسی بێت، رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام رێژەی زۆری دابارین دەکەوێتە پارێزگای دهۆک.
کەشناسی ئەوەشی راگەیاندوە، “مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە شەقامەکانی پارێزگای دهۆک”.
بەشی پێشبینی کەشناسی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 13.3.2023 رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی تورکیایە.
ئەو شەپۆلە بارانەی وا پێشبینی دەکرێت ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لە هەندێک شوێن بە ئاستی مامناوەند و هەندێک شوێنی دیکە بارانی بەخوڕ دەبێت لەگەڵ هەورە تریشقە.
بەهۆی هەمان شەپۆل وا پێشبنی دەکرێت، رۆژی پێنجشەممە باران بەردەوام بێت لەگەڵیدا پلەکانی گەرما نزم ببنەوە بۆ چوار تا شەش پلە و ئەگەری بارینی تەزرەش هەیە و ئێوارەی هەمان رۆژ کاریگەری ئەو شەپۆلە کۆتایی دێت.