رفێنەرەکان هەڵاتوون
کچە رۆژنامەنوسێکى بیانى لە ناوەڕاستى بەغدا رفێندرا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رفاندنی رۆژنامەنووسێکی بیانی لە ناوەراستی بەغدا راگەیاند. هێزە ئەمنییەکان توانیویانە یەکێک لە تۆمەتباران دەستگیر بکەن، بەڵام هەوڵەکان بۆ رزگارکردنى رۆژنامەنووسەکە هێشتا بەردەوامە.
رۆژنامەنووسە رفێنراوەکە ناوی “شیلی کێتلۆسۆن”ـە و رەگەزنامەی ئەمریکییە، لە نزیک هۆتێل فەلەستین لە شەقامی سەعدوونی ناوەڕاستی بەغدا، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە، رفێنراوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: “دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان کەوتوونەتە شوێنپێی رفێنەران و لە ئەنجامی راوەدوونان و گەمارۆدان و ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکان وەرگەڕاوە.”
بەپێی بەیاننامەکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەست بەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا بگرن کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتووە، بەڵام لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕۆژنامەنووسەکە و دەستگیرکردنی باقی تۆمەتبارەکان بەردەوامە.
شیلی کێتلۆسۆن کێیە؟
رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی ئەمریکییە.
لە نێوان بەغدا و ئیتاڵیا نیشتەجێیە.
شارەزاى رووماڵکردنی هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانە.
بۆ چەندین دەزگای جیهانی کار دەکات، لەوانە: (ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵیا، ئالمۆنیتەر، فۆرن پۆلیسی، گۆڤاری نیوز لاین، بی بی سی و گۆڤاری مەجەلە).