لەم جەنگەی ئێستادا
وڵاتانی كەنداو چ دەستكەوتێك دەچننەوە و چ باجێكیش دەدەن؟
964+
فەرهاد حەسەن
ئەمریكا لەوسەری دونیاوە هاتووە و لە كەنداو دەستی داوەتە جەنگێك، بەهۆی ئەوەی بنكەی سەربازی و باڵیۆزخانە و كونسڵخانەی لە وڵاتانی كەنداودا هەیە، ئەم وڵاتانە هەم بوونەتە سەكۆیەكی ئەمریكی بۆ لێدانی ئێران و هەمیش بونەتە ئامانج بۆ كاردانەوەكانی ئێران.
مەبەستم وڵاتانی وەكو ئیمارات، سعودیە، بەحرین، قەتەر، كوێت و سەڵتەنەی عومانە، عێراقیش بەشێوەیەك لەشێوەكان راستیەوخۆ لەناو جەنگەكەدایە و خەریكە هەریەك لە سووریا و ئوردنیش لە جەنگەكە ئێوە دەگلێندرێن.
جەنگەكە لەرووی جوگرافییەوە فراوانە، بەڵام لە راستیدا بۆ بەرژەوەندی دوو وڵاتە ئەوانیش ئەمریكا و ئیسڕائیلن، ئەی بەرژەوەندی ئەم وڵاتانە لە كوێدایە؟ بێگومان ئەمریكا وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و پێی وتوون “من ئەتانپارێزم”.
با كەمێك لاپەڕەكانی مێژووی نزیك هەڵبدەینەوە، بگەڕێنەوە بۆ جەنگی كەنداوی ساڵی 1991، كاتێك عێراق هێرشی كردبووە سەر وڵاتی كوێت، ئەوكات ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە عێراقیان دا و راپەڕینێكی جەماوەری دروستبوو و دواتر سەدامیان رووخاند، لەسەر داواكاری ئەمریكا وڵاتانی ناوچەکە بەشێکی زۆری تێچووی جەنگەكەیان بە ئەمریکادا، ئەویش لە بەرامبەر پاراستنیان لە هەڕەشەکانی عێراق.
ئێستا ئەو مێژووە، لەهەمان جوگرافیا (ئەگەر فراوانتریش نەبێت)، خۆی دووبارە دەكاتەوە، هەمان وڵاتی زلهێزە، هەمان ئەو وڵاتانەشن كە ئەمریكایان فێری وەرگرتنی باج كردووە و هەر خۆشیان باجدەرە راستەقینەكەی تێچووی جەنگەكەی ئێستا دەبن.
کارۆلین لیڤێت، وتەبێژی کۆشکی سپی، دوێنێ كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هەبوو، رۆژنامەنووسێک پرسیاری ئەوەی لێكرد، كە ئاخۆ وڵاتانی عەرەبی تێچووی ئەم جەنگە دەدەنەوە ئەمریكا؟ ئەویش بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە وتی “ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر نایابە، پێموایە سەرۆک ترەمپ بەم پێشنیازە زۆر دڵخۆش دەبێت و داواِشیان لێ دەکات.”
بێگومان، تێچووی جەنگەكە خەیاڵییە، بەپێی ڕاپۆرتەکان، كە رۆژنامە ئەمریكییەكان بڵاویانكردووەتەوە، تێچووی رۆژانە گەیشتووەتە (یەك ملیار دۆلار) كەواتە جەنگەكە لە ماوەی ٣٠ رۆژی ڕابردوودا، 30 بۆ 40 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریكا دەكەوێت، ئەمە بێجگە لە زیانەكانی جۆراوجۆرەكانی دیكەی ئەمریكا، لەوانەش ئەو فڕۆکە گرانبەهای كە هەڵگری راداری تایبەت بوو و لە بنكەی ئەمیر سولًتان لە سعودیە لەلایەن ئێرانەوە كرایە ئامانج و تێچووەكەی نزیكەی 700 ملیار دۆلارە.
سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر وڵاتانی كەنداو و ئەو جەنگەی ئێستا بەڕێوەی دەبات كەس لێی تێناگات، هەر زوو وتی لەپێناو گۆڕینی رژێم جەنگەكەی دەستپێكردووە، كەچی ئێستا ئەو جەنگە بە ئاقارێكی دیكە براوە، ئەویش گۆڕینی رژێمی ئێران نییە و نەوتەكەیەتی، لە هەمووشی خۆشتر ئەوەیە تاوەكو ئێستا نازاندرێت ئەمریكا دانوستانەكەی لەگەڵ كێی ئێران دەكات، چونكە ئێرانییەكان دەڵێن، تاوەكو ئێستا بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا دانەنیشتوون، كەچی ترامپ دەڵێت “بە دانوساندنەكە گەشبینن و لەگەڵ كەسانی “گونجاو”ی ئێران گفتوگۆ دەكەن، كێن ئەو كەسە گونجاوانە؟ بێگومان كەس نازانێت، “بە وڵاتانی كەنداویشەوە”.
با بێنەوە سەر گۆڕینی ئاقاری جەنگەكە، لە “گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران”، دوێنێ دوناڵد ترەمپ ڤیدیۆی چاوپێكەوتنێكی خۆی بڵاوكردووەتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 39 ساڵ لەمەوبەر، بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆییە پەردە لەسەر ئەو نهێنییەی ترەمپ لادەبات، تیایدا ترەمپ دەڵێت “دەبێت بچینە ناو ئێران، دەست بەسەر دوورگەی خارگ و نەوتەکەیاندا بگرین و هەر لەوێ بمێنینەوە و نەوتەکەیان بۆ خۆمان بەرین”. پرسیار ئەوەیە بۆچی لەوكاتەدا ڤیدیۆیەكی لەم شێوەیە بڵاودەكاتەوە ئەگەر ئەگەر ئامانجی سەرەكی جەنگەكەی ئێستای نەوت نەبێت؟
دڵنیام سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو هەموویان ئەو ڤیدیۆیەی ترەمپیان بینیوە و تێدەگەن، كە دەستپێكردنی ئەو جەنگەی ئێستا و تێوەگلانی ئەوان لە جەنگەكە و ئەو زیانە قوڕسەی كە ئێران وەكو كاردانەوە بەوانی گەیاندووە و زەرەرو زیانە ناوخۆییەكانیان و دروستبوونی ئەو شێواویەی كە لەناو وڵاتەكانیان بەهۆی ئەم جەنگەوە دروستبووە، هەمووی لەپێناو یەك ئامانجە، ئەویش دەستەبەربوونی نەوتە بۆ ئەمریكا و بۆ ئەوانیش دانی باجە قوڕسەكە.
دەرەنجام، وڵاتانی كەنداو وەكو ئەو پیاوەیان لێدێت كە دەڵێن “بۆ ریش چوو، بەڵام سمێڵشیان لەسەردانا؟