“لە موسڵ شۆفێرانى هه‌رێم راسته‌وخۆ پاره‌ى سه‌رپێچییان لێوه‌رده‌گیرێت”

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

هاتوچۆى موسڵ سزای ئەو شۆفێرانە دەدات کە سه‌رپێچی یاسایی ده‌كه‌ن، به‌ڵام شۆفێران ده‌ڵێن، ئه‌و سزایانه‌ ته‌نیا شۆفێرانى هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا شوفێرانى موسڵ پابه‌ندی هیچ یاسایه‌كى هاتوچۆ نابن و سزاش نادرێن.

وەلید گۆران ، یەکێکە لەو شۆفێرانەی قەزای بەردەڕەش، هاتووچۆی پارێزگای موسڵ دەکات، بە 964ـى وت، ئه‌وه‌ى له‌ موسڵ ده‌یبینرێت ته‌نیا ئه‌و شۆفێرانه‌ى کە ژمارەی ئۆتۆمبێلیان هەرێمی کوردستانە زیاتر یاساکانی هاتووچۆیان له‌سه‌ر پەیڕەو دەکرێت و سزای مادیان ده‌ده‌ن.

وتیشی “سزا مادیه‌كه‌یان راسته‌وخۆ لێوه‌رده‌گیرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تێبینی ده‌كرێت شۆفێرانى موسڵ هیچیان پابه‌ندى یاسا نین و هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كیشیان له‌گه‌ڵدا ناكرێت.

وتیشی “پێیانوتوین گه‌ر راسته‌وخۆ سزا مادیه‌كه‌ نه‌ده‌ن، ئه‌وا سزاكه‌تان بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ ئه‌و شاره‌ى لێی هاتوون”.

بۆ به‌دواداچوونى ئه‌م پرسه‌ 964 لەگەڵ راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای موسڵ، مقدم یاسین، قسەى كرد و رایگه‌یاند “ئەم پسووله‌یه‌ى کە بۆ هه‌ر شوفێرێك ده‌نوسرێت، ئێمە پێی دەڵێین “فارچ غرامە” واتا سزای فەوری و دەبێت شۆفیرەکە راسته‌وخۆ بیدات بە پۆلیسی هاتووچۆ و ئەگەر نەیدات بە سه‌رپێچی لەسەری حساب دەکرێت”.

وتیشی “ئه‌گه‌ر لێره‌ راسته‌وخۆ نه‌یدات ناچارین سزاكه‌ى بۆ بنێرینه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ى كه‌ ئوتومبێله‌كه‌ى تێدا تۆماركراوه‌”.

له‌ په‌یوه‌ندیه‌كى 964، له‌گه‌ڵ عه‌قید سامی عبدالخالق زێباری، بەڕێوه‌بەری گشتی هاتووچۆی پارێزگای موسڵ، به‌ڵام ناوبراو ئامادە نەبوو له‌سه‌ر ئەم بابەتە هیچ قسه‌یه‌ك بكات

لایخۆشییه‌وه‌، عه‌قید فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر به‌ 964ـى راگەیاند ” لە هەندێک بابەت هه‌ماهەنگمان له‌گه‌ڵ موسڵ هەیە،  بە هیچ شێوەیه‌ک بۆ بابەتی سزای هاتووچۆ هه‌ماهەنگیمان لەگەڵ ئه‌و پارێزگایه‌ نیه‌ و سه‌رپێچیه‌كانیش نادرێنه‌وه‌ به‌ هاتوچۆى هه‌رێم”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن