بڕیارێک لە وەزارەتى پەروەردەوە
بەهیچ شێوەیەک قوتابیان ناچنەوە بۆ قوتابخانە؛ تاقیکردنەوەکانى ناو قوتابخانە راگیران
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە، رێکاری نوێی بۆ تاقیکردنەوەکان و هاتنی قوتابیان راگەیاند.
بەپێی نووسراوەکە کە دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەرکراوە، بڕیاردراوە بە:
یەکەم. راگرتنی تاقیکردنەوەکان:
هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەکی ناو قوتابخانەکان (حکومی و ناحکومی) بە هەموو ئاستەکانەوە رادەگیرێت.
2. قەدەغەی هاتنی قوتابیان:
وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک قوتابیان و خوێندکاران بێنەوە ناو باڵەخانەی قوتابخانەکان و لەم قۆناغەدا تەنیا پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.
3. تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان:
تەنیا ئەو قوتابخانانەی سیستەمی نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکەن و تاقیکردنەوەکانیان وابەستەیە بە کات و رێککەوتی دەرەوەی وڵات، دەتوانن تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، بەو مەرجەی پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانی تایبەتیان بۆ بکرێت.
ئەم بڕیارە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران، زاخۆ) دەگرێتەوە.