دوو هەفتە بەسەر بەڵێنەکەى وەزیرى نەوتدا تێپەڕى
هەناردەی نەوتی کەرکوک پێویستی بە دوو مانگی ترە
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
سەرەڕای ئەوەی 14 رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە کە وەزیری نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکوک دیاری کردبوو، بەڵام ئامارە تەکنیکییەکان نیشانی دەدەن کە پڕۆژەکە کاتی زۆری دەوێت و هێشتا تەواو نەبووە.
رۆژى 16ـى ئەم مانگە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق دەست بە پاڵنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو دەکات لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، بەبێ ئەوەی بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت.
وەک ئەوەى وەزیرى نەوت باسى کرد، لە ماوەى یەک هەفتەدا پرۆسەکە دەستپێدەکات و رۆژانە 200 تا 250 هەزار بەرمیل، هەناردە دەکەن.
ئەمڕۆ دواى دوو هەفتە بەسەر ئەو قسانەى وەزیرى نەوت، ئەندازیار سیروان مستەفا، لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە 964ـی راگەیاند، وێڕاى ئەوەى هەناردەى نەوت لە و هێڵە دەستى پێنەکردووەتەوە، لە کۆی 350 کیلۆمەتری هێڵەکە، هێشتا 80 کیلۆمەتری ماوە نۆژەن بکرێتەوە. جگە لەوەش، هێڵەکە پێویستی بە پشکنینی ورد هەیە بە ئاو یان گازوایل، ئەمەش پێویستی بە کێشانی هێڵێکی ئاوی 30 کیلۆمەترییە لە رووباری دیجلەوە، کە کارێکی کاتکێشە.
وەک باسى دەکات، لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا، تەنیا لە سنووری مووسڵ چوار هەزار کونی نایاسایی لە بۆرییەکە کراوە بۆ دزینی نەوت، ئەمەش پرۆسەی چاککردنەوەی قورستر کردووە. ئەندازیاران پێشبینی دەکەن تەواوبوونی کارەکان پێویستی بە یەک تا دوو مانگی دیکە هەبێت.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح