وڵاتێکی دراوسێوە هێنرابوو
لە هەولێر؛ دەست بەسەر 50 هەزار دۆلاری ساختەدا گیرا
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیویانە شکست بە هەوڵێکی ساغکردنەوەی بڕێکی زۆر دۆلاری ساختە بهێنن و تۆمەتبارێکیش دەستگیر بکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کە ئەمڕۆ 28ـی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (ب. ن. س) لە کاتی وەرگرتنی بڕی 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی ساختە دەستگیرکراوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دراوە ساختەیە لە وڵاتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستانەوە و لە رێگەی “کۆمپانیایەکی گەیاندن” (Delivery) رەوانەی ناو شاری هەولێر کراوە کە تۆمەتباران پلانیان هەبووە ئەو پارە ساختەیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی بەسەر هاوڵاتیاندا ساغ بکەنەوە.
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراوە، لێکۆڵینەوەکانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن.