سێنتکۆم وا دەڵێت
کەشتیی جەنگیی “یو ئێس ئێس تریپۆلی” و 3500 سەربازی ئەمریکی گەیشتنە ناوچەکە
964+
وریا فەتاج
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کەشتیی جەنگیی “یو ئێس ئێس تریپۆلی”بە یاوەریی هێزێکی گەورەی دەریایی و وشکاوەکی، رۆژی 27ـی ئازار گەیشتووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتی ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەم کەشتییە کە لە جۆری “ئەمریکا”یە و تایبەتە بە هێرشی وشکاوەکی، وەک کەشتیی سەرەکیی گرووپی “تریپۆلی” و یەکەی 31ـی مارینز کار دەکات.
بەپێى ئەو وردەکاریانەى خراوەتەڕوو، نزیکەى 3500 دەریاوان و سەربازی هێزی مارینز لەسەر کەشتییەکەن.
کەشتییەکە چەندین فڕۆکەی گواستنەوە، فڕۆکەی جەنگیی هێرشبەر و کەرەستەی تهکنیکی و جەنگیی پێشکەوتووی لەگەڵدایە، وەک ئەوەى سێنتکۆم خستوویەتییەڕوو، ئەم هێزە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەی دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رەوانە کراوە.