ویتكۆف: ئه‌م هه‌فته‌یه دانیشتمان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بێت
توركیا: دانوستانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران ده‌ستیپێكرد
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشكرای كرد، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە، نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكاش ده‌ڵێت، ئه‌م هه‌فته‌یه دانیشتمان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ده‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وەی تورکیا هاكات فیدان ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگەیاند، “ئەمڕۆ وتووێژێکی بەرفراوانمان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجام دا، واشنتۆنیش سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە دەکات”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە، “هەڵوێستی دانوستانکاری ئێستای هەردوولا جیاوازە لە هەڵوێستەکانیان له پێش شەڕ”.
پێشتر فیدان لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و ئێران، زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ چه‌ند وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار ئه‌نجامداوه.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ میدیاكان، پەیوەندییەکان بریتی بوون لە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد ئیسحاقدار وەزیری دەرەوەی پاکستان و بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر و هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا.
سه‌رچاوه میدیاییه‌كان ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن، له گفتوگۆکاندا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە، ئەمە جگە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کەمکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێیه‌کان.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە گرژییەكانی نێوان هه‌رسێ لایه‌نی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا و ئیسرائیل و ئێران په‌ره‌ی سه‌ندووه و به‌رده‌وامه، چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییش هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕتر كردووه‌ته‌وه بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە خزینی شه‌ڕ و ململانێیه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیدارتر، كه سه‌قامگیریی ته‌واوی ناوچه‌كه تێكبدات.
دانیشتن له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ستیڤ ویتكۆف نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند، “پێم وایه ئه‌م هه‌فته‌یه دانیشتنمان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بێت”.
وتیشی، پێشبینی ده‌كه‌ین ئێران وه‌ڵامی 15 خاڵه پێشنیاركراوه‌كه‌ی ئه‌مریكا بداته‌وه.