مۆڵەتەکە فێڵە یان راستییە؟

چ نهێنییەک لە پشت ئەو پێنج رۆژەوەیە کە ترەمپ داویەتییە ئێران؟

964+

فەرهاد حەسەن

مۆڵەتەکە پێرێ دووشەممە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە ئێران دراوە بەمەبەستی گفتوگۆ و رێکەوتن و راگرتنی جەنگەکە، واتا ئەگەر لە دووشەممەوە دەستپێبکات ئەوا سێشەم، چوارشەم، پێنجشەم، هەینی، کۆتایی دێت، بۆیە ئەو رۆژانەم بۆ ژماردن، چونکە پێویستم بە کاتەکەیە.

پرسیار لێرە ئەوەیە، بۆچی مۆڵەتەكەی ترەمپ پێنج رۆژە، بۆ نموونە بۆ چوار رۆژ یاخود شەش رۆژ نەبوو؟

وەڵامەكان لەم خاڵانە كورت دەكەمەوە:

یەكەم: بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکانی جیهانە، چۆن؟

دۆناڵد ترەمپ کە بڕیاری ئەم مۆڵەتەی دا، پێش کردنەوەی بازاڕی بۆرسەی “واڵ ستریت” بوو، بۆ ئەوەی نرخی نەوت و بازاڕە جیهانییەکان هێورببنەوە و ئەو زیانە ملیاران دۆلارییانەی بەر بازاڕەکە کەوتبوون، قەرەبوو ببنەوە، چونكە بەهۆی جەنگەكەوە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتبووە 113 دۆلار، بەمەش توانی لەماوەی كاتێكی زۆر كەمی دیاریكراودا نرخی بەرمیلێك نەوت داببەزێنێت بۆ 97 دۆلار، بێگومان ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر بازاڕەكەی هێوركردەوە.

لەلایەكی دیكەش، مۆڵەتەکەی بە ئێران دراوە کاتێک کۆتایی دێت (كە رۆژی هەینییە) بێگومان لەو كاتەشدا بازاڕی بۆرسە بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەوە دادەخرێت، ئەمەش دەرفەتێک بە ترەمپ دەدات کە بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکی کتوپڕی لەسەر ئابووری هەبێت، هەنگاوە سەربازییەکانی جێبەجێ بکات.

كەواتە هەنگاوە سەربازییەكانی سەرۆكی ئەمریكا چی دەبن؟

هەروەکو بەفەرمی بڵاوکراوەتەوە، پێنج هەزار سەربازی “مارێنز” لە بنکەیەکی سەربازی لە وڵاتی ژاپۆنەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ)یش دوێنێ بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی (رۆژی هەینی) مارێنزەکان دەگەنە ناوچەکە، واتا گەیشتنی مارێنزەکان رێک هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی ترەمپ، چونکە مۆڵەتە پێنج رۆژییەکە ترەمپیش شەوی هەینی کۆتایی دێت.

دوو پرسیار لێرەوە سەرهەڵدەدات، باشە، كە تۆ خواستی رێكەوتن و كۆتاییهێنان بەو جەنگەت هەیە، ئەم هەموو مارێنزە بۆ بهێنیتە ناوچە؟ كۆكردنەوەی سەبازیش لە شوێنێك واتە نیەتێك هەیە بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی و داگیركاری.

ئەوەی پێشبینی دەكرێت كە ئەمریكا لەرێگەی ئەم پێنج هەزار مارێنزە بیكات چییە؟

بێگومان ئامانجی ستراتیژی لە پشتەوەیە، لەوانەش کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز و دەست بەسەرداگرتنی هەردوو دوورگەی (قەشم و خارگ)، كە هەموومان دەزانین دوورگەی خارگ زۆر گرنگە چونکە ٩٠٪ بۆ ٩٥٪ی نەوتی ئێران لەوێوە هەناردە دەکرێت.

ئامانجێكی دیكەی ئەمریكا، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە كە دەڵێت بڕەكەی 460 كیلۆگرامە و لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان یاخود نەتەنزدا لەژێر زەویدا حەشار دراون.

پێشبینی چەند شتێكی دیكەش بۆ ئەو مۆڵەتەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئێران دەكرێن، لەوانەش ئەوەیە كە ئەمریکا بیەوێت بزانێت کێ بڕیاردەری کۆتاییە لە ناو ئێراندا، چونكە لەدوای كوژرانی خامنەیی و بەرپرسە باڵاكانی دیكە و دەستبەكاربوونی هەندێك كەسایەتی لە پۆستە هەستیارەکاندا، نازاندرێت كێ كەسی یەكەمی بڕیاردەرە.

ئەمریكا دەشیەوێت لەرێگەی ئەم جوڵە سەربازییەیەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لە ناتۆ و وڵاتانی ناوچەکە بەدەستبهێنێت كە نزیکەی ٢٢ وڵاتن، بۆئەوەی پێیان بڵێت لە ئێستادا ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی جیهانی دەبینرێت.

جا بۆ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمكردن، نازاندرێت كە ئەو مۆڵەتە پێنج رۆژیەی ترەمپ داویەتییە ئێران، یاریكردنە بە (كات) و فێڵ و تەڵەیەكی سەربازیی و سیاسییە، یاخود دەرفەتێكی راستەقینەیە، ئەوەش بەو مانایە نییە كە ئێران ئاگاداری هیچ یەكێك لەو سیناریۆ و تەڵانە نەبێت، چونكە بە وردی چاودێری دۆخەكان دەكات، بەڵام دواجار ئەمریكییەكان، ئیمانێكی زۆریان بە وتەیەکی هێنری کیسینجەری وەزیری دەرەوەیان هەیە كە لەساڵی حەفتاكانەوە وتوویەتی  “گرنگ نییە کێ جەنگ دەستپێدەکات، چونكە لەوە گرنگتر ئەوەیە، كە کێ فیشەکی کۆتایی لایە و بۆ داهاتووی پاراستنی خۆی دەیتەقێنێت”.

ترەمپ: نامەوێت موجتەبا بکوژرێت، ناشزانم ماوە یان مردوو...

ترەمپ: نامەوێت موجتەبا بکوژرێت، ناشزانم ماوە یان مردووە