هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت - وێنە: گرافیکی 964
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی توند دەدات؛
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی لە سۆشیال میدیا بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا
964+
وریا فەتاج
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، کۆمەڵێک رێنمایی و هۆشداری نوێی ئاراستەی سەرجەم ئەفسەران و پێشمەرگەکان کرد، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری و سەقامگیریی یەکە سەربازییەکان.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە وێنە، ڤیدیۆ و زانیارییەک سەبارەت بە سەنگەرەکان، بارەگا و شوێنە سەربازییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە رێگە نادرێت میدیاکان بچنە ناو بارەگاکان و هیچ ئەفسەر و پێشمەرگەیەکیش بۆی نییە بەبێ مۆڵەت لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدات.
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەدات کە چاودێرییەکی وردی سۆشیال میدیا دەکرێت و هەر کەسێک پێشێلی ئەم رێنماییانە بکات، رووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە.
هاوکات، وەزارەت داوای لە هاوڵاتییان و پێشمەرگەکان کردووە، هەر پەیج و ئەکاونتێک ببینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەیان بۆ بنێرن تاوەکو ڕێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگرێتە بەر.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا بڵاوکردنەوەی هەندێک ڤیدیۆ و وێنەی سەربازی لە سۆشیال میدیا، نیگەرانیی لای لایەنە ئەمنییەکان دروست کردبوو لەسەر پاراستنی نهێنییەکانی هێزی پێشمەرگە.