سێ پێشانگەی هونەریی جۆراوجۆر لە هەولێر کرانەوە

+964

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

ئەمڕۆ 13 .3 2023 لە چالاكییەكانی فێستیڤالی ئادار و نەورۆز بۆ سێیەمین رۆژ چالاكییەكان بەڕێوەچوون، كە بریتیبوون لە كردنەوەی پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی، كردنەوەی دوو پێشانگەی تایبەت بە منداڵان.

لە پێشانگە فۆتۆگرافییه‌كه‌دا، كه‌ له‌ به‌رده‌م قایمقامیه‌تی هه‌ولێر كرایه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ئاشتی عه‌دۆ، كه‌ وێنەگرێكی كۆنی هه‌ولێره‌ و بە وێنەكانی باسی لە جارانی شاری هەولێر كرد، كە چۆن بووە و وێنەكانی لە ساڵانی 2006 تا 2008 گرتوون، كاره‌كه‌ش لە چوار فلێكس پێكهاتبوو، 16 وێنە تێدا پێشاندرا.

لە پێشانگه‌یه‌كی دیكه‌دا، كە تایبەت بوو بە منداڵانی دەشتی هەولێر، كاری دەستی منداڵانی باخچەی ساوایان نمایش كرا، زیاتر لە 15 باخچەی ساوایان له‌ هۆڵی چالاكی قوتابخانه‌كان بەشدارییان كرد.

هه‌ر له‌ چالاكییه‌كانی ئه‌مڕۆدا، پێشانگه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ كاری منداڵان لە هۆلی رۆشنبیری كرایه‌وه‌، كه‌ 31 وێنەی تێدا نمایش كرا و باسی لە پەروەردەی مندالان دەكرد.

فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە شاری هەولێر لە رۆژی 11 ئادار دەستیپێكردوە و تا 20 ئادار بەردەوام دەبێت و بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز سەرساڵی كوردی كۆتایی دێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا