یان زانیاری لە کاتی خۆی بدەن، یان دەستمان مەبەستن

964+

ژووری هەواڵ

نزیکەی دوو هەفتەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی چەند راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزەوە، مافی رووماڵکردنی هێرش و هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە میدیا ناوخۆییەکان سەندراوەتەوە.
وەک دەزگایەکی پیشەیی، پێمان وایە ئەم خاڵانە بخەینە روو:
جێگەی سەرسوڕمانە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کە ئەرکی ئاسانکارییە بۆ میدیا، زمانی هەڕەشەی داخستن و کێشانەوەی مۆڵەت بەرامبەر دەزگاکان بەکاردەهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە پسپۆڕانی یاسایی جەخت دەکەنەوە هیچ دەقێکی یاسایی نییە رێگری لە هاووڵاتییان بکات زانیاری و ڤیدیۆ بە میدیا بدەن
قەدەغەکردنی رووماڵ، رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاری نەکردووە، بەڵکو تەنیا سەرچاوەکەی گۆڕیوە، ئێستا هاووڵاتییان لەجیاتی میدیا سەرڕاست و پیشەییەکانی خۆمان، زانیارییەکانیان لە پەیجە گوماناوییەکانی تەلەگرامی تەمومژاوی و سۆشیال میدیای بێسەروبەر و میدیا بیانییەکانەوە وەردەگرن، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و پڕوپاگەندەو تێکدانی دەروونی خەڵک.
خەڵک گوێیان لە زرمەکەیە و دیمەنی سیستەمی بەرپەرچدانەوە دەبینن و ماڵەکەیان دەلەرێتەوە، بەڵام نازانن دوای ئەوە چی روویدا، ئەمەش سەرەنجامەکەی بێمتمانەیی لێ دەکەوێتەوە و ئاسان نییە دواتر باوەڕ بە گێڕانەوەی درەنگوەختی فەرمی بکەن.
نموونەی ئەمشەوی هێرشەکەی سەر بارەگای پێشمەرگەو ئەوانەی پێشووش سەلمێنەری نادروستی ئەم بڕیارانەیە، لە کاتێکدا میدیا جیهانییەکان و تەلەگرامی وەکو سابرین نیوز و نایا و میدیای ئێرانی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و باسیان لە لێدانی بارەگای ئەمەریکی و ”جوداخوازەکان” کرد، میدیای ناوخۆیی بە ناچاری بێدەنگ بوو و دامەزراوە ئەمنی و فەرمیەکانیش دوای 8 کاتژمێر زانیاری کورتیان بڵاوکردەوە. ئەم بێدەنگییە بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست دەکات.
داوا لە حکومەت دەکەین پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات. پێشنیارمان روونە:
یان وەک وڵاتانی دەرودراوسێ، دەستبەجێ دوای هەر رووداوێک زانیاری تەواو بە خەڵک بدەن.
یان دەست و پێی میدیا ناوخۆییەکان مەبەستن و لێگەڕێن وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کار بکەن.
هەروەها پێشنیارمان بۆ سەنتەری میترۆ و سەندیکای رۆژنامەنووسان ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت بکەن کە بەپێی یاسای دەستکەوتنی زانیاری کە خەڵک مافی خۆیانە بزانن چی روودەدات و ئەرکی میدیاکاران ئەوەیە کە زانیاریەکان بڵاوبکەنەوە.
لە کاتە سەختەکاندا، میدیای کوردی پیشەیی، هەمیشە سەلماندوویەتی کە قەڵغانی پاراستنی ورەی خەڵک و دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی بووە، ئەزموونی رووداوەکانی رۆژئاواو هێرشە جیاوازەکانی رابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، شایەتیی ئەوە دەدەن کە میدیا چۆن توانیویەتی پاڵپشتییەکی گەورەی جەماوەری و هاوسۆزی بۆ قەوارەی هەرێم و هێزی پێشمەرگە دروست بکات. حکومەت بۆ دروستکردنی ئەم پشتیوانییە هەمیشە پێویستی بە میدیای خۆماڵی بووە؛ ئەمجارەش هیچی لە جارەکانیتر کەمتر نییە و میدیا دەتوانێت هەمان رۆڵی نیشتمانی خۆی بگێڕێت، ئەگەر دەستی نەبەسترێت.

میدیاکارێک کە خۆی و خێزانەکەی لەم نیشتمانەدا دەژین، زۆر لە سەرچاوە نادیارەکان دڵسۆزتر و راستگۆتر زانیارییەکان دەگەیەنێت.
964

وریا فەتاح: 964 لە نوقتەی هێزەوە بڕیاریداوە رووماڵی هەوا...

وریا فەتاح: 964 لە نوقتەی هێزەوە بڕیاریداوە رووماڵی هەواڵی کوشتن نەکات