بۆ هەر ئەگەرێک
عێراق ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکانی لەسەر سنوری سوریا زیاد دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
وەزیری ناوخۆی عێراق داوای کرد ئاستی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان پێکهاتە ئەمنییە جیاوازەکانی ناو وەزارەتی ناوخۆ بەرز بکرێتەوە بۆ زامنکردنی ئامادەباشییەکان بۆ هەر کارەساتێکی لەناکاو، بەتایبەتیش لەناوچە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتی سوریا، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ناوخۆی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لە میانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانیدا، جەختی لەسەر “ئامادەباشی تەواوی هەموو کەرتە ئەمنییەکان، و پێویستی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان و چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییە چڕەکان بۆ پاراستنی هەموو ناوچەکان” کردەوە.
کۆبوونەوەکەی وەزیری ناوخۆ لەدوای سەردانێکی مەیدانی دێت کە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسەر سنوری لەگەڵ سوریا لە قەزای قائیم کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە ئەوپەڕی رۆژئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبارە ئەنجامدابوو و کۆمەڵێک راسپاردەی دەرکرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارامەیی ئەدای ئەمنی و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ هاوڵاتیان لە رێگەی مامەڵەی پیشەیی و پابەندبوون بە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان و پەرۆشی بۆ ئامادەبونی مەیدانی کاریگەر.
رێنمایی داوە بە گرنگیدان بە لایەنی کارگێڕی و مەیدانی شەڕکەرەکان و دابینکردنی پشتیوانی لۆجستی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆبونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی کۆی دۆخی ئەمنی ئێستای وڵات و ناوچەکە و رەنگدانەوەیان لەسەر ناوخۆی عێراق، هەروەها ئاگاداربوون لە پوختەیەکی ورد کە لەلایەن فەرماندە مەیدانییەکانەوە سەبارەت بە پلانە داڕێژراوەکان بۆ پاراستنی ئامانجە گرنگەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری پێشکەش کرا.