بۆردومان هەیە و خەڵک دەترسن

دوو جەژن بەیەكەوەیە و شەقام و گەڕەکەکانی خورماتوو چۆڵن

+964

سیروان خورشید – خورماتوو

ئەمڕۆ شەممە 21.3.2026 لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە خورماتوو، كە یەكەم رۆژی جەژنە لای هاوڵاتیانی شیعەمەزهەب و جەژنی نەورۆزیشە، بەڵام شەقامەکانی قەزاکە چۆڵی بەرچاوی پێوەدیارە و هاتوچۆی هاوڵاتیان لەچاو جەژنەکانی تر کەمترە، ئەمەش بەهۆی ئەم بارودۆخەی شەڕ لە ناوچەكە و بۆردومانی هەندێك شوێنی دەوروبەری قەزاكە.

هاوڵاتیان پێیان وایە، ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرییەی رووی لەناوچەکە کردووە، هۆکاری ئەوەن خەڵك كەمتر بۆ جەژن دەركەون.

لەگەڵ ئەوەشدا مەهدی ساڵح كە هاوڵاتییەكی توركمانی شیعەمەزهەبە، بە 964ی وت، کورد و عەرەب و تورکمان وەک برا دەژین لە خورماتوو، فەرق و جیاوازی نییە، بەڵام بارودۆخی ناوچەکە لە یەکی دوورکەوتوونەتەوە و خەڵك دەترسن بێنەدەرەوە.

بەهۆی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران، ماوەی نزیکەی مانگێکە بۆردومانەکان سنووری خورماتووشی گرتووەتە و زیادیان کردووە و فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی سەرباز و بارەگەكانی حەشدی شەعبی دەکەن.

لە دوایین بۆردومانیشدا شەوی رابردوو فڕۆکە بارەگای سەربازی لیوای 52ـی حەشدی شەعبی کرد ئامانج لە فڕۆکەخانەی سدیق لە خورماتوو، بەهۆیەوە کوژراوێک و سێ برینداری لێکەوتەوە، هاوکات بەیانی ئەمڕۆش جارێکی تر بۆردمانی هەمان بارەگا کرایەوە و تائێستا زیانەکانی نەزانراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

مین و بۆمب دوو گەنجیان لە کەرکوک و خورماتوو کوشت

مین و بۆمب دوو گەنجیان لە کەرکوک و خورماتوو کوشت