بەڵێن دراوە ئەمساڵ یاسای لێبووردنی گشتی دەربکرێت
964+
فەرمان سادق
پەرلەمان چاوەڕوانی وەڵامی حکومەت دەکات بۆ دەرچوواندنی یاسای لێبووردنی گشتی، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: بەڵێن دراوە ئەمساڵ دەربچووێندرێت.
پڕۆژ یاسای لێبووردنی گشتی بە واژۆی 33 پەرلەمانتار و رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
شیرین یونس، پەرلەمانتاری لیژنەی لیژنهى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، پێنج مانگ پێش ئێستا پڕۆژەکە بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دراوە.
بەپێی یاسا، لێبووردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان دایە، بەڵام لێبووردنی تایبەت لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم دایە کە پارساڵ بە بڕیارێک لێبووردنی تایبەتی بۆ 1700 کەس دەرکرد.
ماوەی شەش ساڵ زیاترە، پەرلەمانی کوردستان ئەو دەسەڵاتەی خۆی بەکار نەهێناوە، ئەگەرچی بەشێک لە توێژە جیا جیاکانی کۆمەڵگە داوای دەرکردنی دەکەن.
بەشدار حەسەن، پارێزەری راوێژکار یەکێکە لەو پارێزەرانەی لە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو پرسە راوێژی پێکراوە.
بەشدار حەسەن، بە 964ـی وت، ئەگەر یاسایەکە دەربچێت ئەوا هەزار و 471 کەس دەیانگرێتەوە، هەموو فراکسیۆنەکان لە هەوڵدان یاسای لێبووردنی گشتی دەربکەن، کەچی ناتوانن، بەڵام دەبینین سەرۆکی هەرێم بە یەک بڕیار 1700 کەس لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەردەکات.
زیاتر وتی “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان داوامانکرد پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت و ژمارەی زیاتری خەڵک بیگرێتەوە، تەنانەت داوامان کرد ئەو 150 زیندانییە بگرێتەوە کە لەسەر بیروڕای سیاسی گیراون”.
دوای نووسینەوەی پڕۆژەکە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، حکومەتی هەرێم هاتۆتە سەر هێڵ و لیژنەیەکی پێکهێناوە لە نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، وەزیرانی ناوخۆ، داد، کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی، نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو لیژنەیە ئێستا سەرقاڵی نووسینی پڕۆژەیەکی نوێیە بۆ لێبووردنی گشتی، بۆ ئەمەش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامداوە.
بەشدار حەسەن دەڵێت: پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆژەکەی حکومەت بگاتەوە پەرلەمان.
لای خۆیەوە شیرین یونس، پەرلەمانتاری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ بە 964ـی وت، بە ئامانجی دەرفەتدانێک بەوانەی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە، تاوان ئەنجام نەدەنەوە، هەروەها کەمکردنەوەی گوشار لەسەر چاکسازییەکان، داوامان کردووە هەرچی زووە یاسای لێبووردنی گشتی دەربکرێت.
“پڕۆژەکە لە پەرلەمانەوە بۆ حکومەت رەوانە کراوە بۆ ئەوەی سەرنجی خۆیان لەسەر بدەن، بۆ ئەمەش حکومەتیش لیژنەیەکی پێکهێناوە”. شیرین یونس وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بەڵێن دراوە لەو ماوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، یاسای لێبووردنی گشتی دەربچێت.