عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە: ئیرنا
وەزیری دەرەوەی ئێران:
“داوای راگرتنی شەڕ و ئاگربەستمان نەکردووە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای راگرتنی شەڕی نەکردووە و روونیشیکردەوە شەڕەکە پێویستە بە جۆرێک کۆتایی بێت، کە دووبارە نەبێتەوە.
عەباس عەراقچی ئەمڕۆ دووشەممە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت شەڕەکە بە شێوەیەک کۆتایی پێبێت، رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات.
عەراقچی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “ئەمریکا بە دوای ئەوەوە شەڕی دەستپێکرد، کە ئێران بێ مەرج خۆی رادەست بکات، ئێستاش سواڵ دەکات لە وڵاتانی دیکە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز”.
جەختی لەوەش کردەوە کە “دەبێت شەڕەکە بە شێوەیەک کۆتایی پێبێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات”.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: “بەرگریی دەکەین و بەبێ هیچ پاشەکشەیەک بەردەوام دەبین، دووپاتیشی دەکەمەوە هیچ پەیامێکمان نەناردووە، داوای هیچ ئاگربەستێکیشمان نەکردووە”.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران دەستیپێکردووە، کە گەڕی دووەمی شەڕەکەیە، دوای ئەوەی هاوینی رابردووش دوازدە رۆژ شەڕیان کرد.