بیرە نەوتێک لە کەرکوک _ وێنە: ئاژانسەکان
لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک
کۆمپانیای نەوتی باکوور کارەکانی کۆمپانیا بەریتانییەکە دەگرێتە ئەستۆ
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای نەوتی باکوور بڕیاری دا بەتەواوی سەرپەرشتی و کارپێکردنی کێڵگەکانی (بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووک) بگرێتەوە دەست، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیا بەریتانییاکە بەهۆی جەنگەوە کشانەوەی خۆی راگەیاند.
رۆژی 30.3.2025، کۆمپانیای نەوتی باکور رایگەیاند، کۆمپانیای “بی پی” بەریتانی، لێکۆڵینەوەیەکی نوێکراوەی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک پێشکەش کردووە، کە یەدەگی نەوتی مەزەندەکراو لە کێڵگەکانی پارێزگاکە دەگاتە نزیکەی پێنج ملیار بەرمیل.
بەڵام دوای ئەو ماوەیە لە لێک تێگەشتن و واژۆی رێکەوتنیان، کۆمپانیای نەوتی باکوور لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە 16.3.2026 دەڵێ، بڕیاریداوە کارەکانی چوار کێڵگەی نەوتى کەرکوک بەتەواوی بگرێتەوە دەست، دوای کشانەوەی کۆمپانیای بی پی لەو کێڵگانە و ئەو هەنگاوە بۆ ساڵێکە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، کۆمپانیای نەوتی باکور سەرجەم کارەکان لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک بەتەواوی وەردەگرێتەوە، لەنێویاندا پێداویستییە گرنگەکانی کارپێکردن و ئەرکە هاوبەشەکان بۆ بەرهەمهێنان.
کشانەوەی ئەو کۆمپانیا بەریتانییە لە کێڵگەکانی کەرکوک بەهۆی دۆخی شەڕە لە ناوچەکە، کە لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە
کۆمپانیای بی پی بەریتانی، گرێبەستێکی 16 ساڵەی لەگەڵ عێراق هەبوو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی کەرکوک بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و پەرەپێدانی غازی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بگاتە 400 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە رۆژێکدا.