لە یادی هەڵەبجەدا
تەرمی خاوەنی هۆنراوەی “بەتەنیا جێم مەهێڵن” لە ئاسمانی داخراوی جەنگدا گیری خواردووە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 16ـی 3ـی 2026، لە کاتێکدا کورد یادی 38 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکاتەوە و بەدەم خەمەکانییەوە هۆنراوەی “بەتەنیا جێم مەهێڵن” دەڵێتەوە، خاوەنی هۆنراوەکە، شاعیری گەورەی کورد رەفیق سابیر، لە ژیاندا نەماوە و بەهۆی داخرانی ئاسمانیشەوە هێشتا تەرمەکەى نەگەڕێندراوەتەوە بۆ باوەشی نیشتمان.
رەفیق سابیر، کە شیعرەکانی بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامەی ئازارەکانی گەلەکەی و “لاوکی هەڵەبجە”ـەکەی بووەتە سروودی هەمیشەیی یادی کیمیاباران، ئەمساڵ پێش هاتنی 16ـی 3، لە رێکەوتی 28ـی شوبات لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
بڕیار بوو تەرمی شاعیر بگەڕێندرێتەوە کوردستان و لە شاری قەڵادزێی زێدی خۆی سپاردەی خاک بکرێت، بەڵام بەردەوامیی جەنگ و داخرانی ئاسمانی عێراق و ناوچەکە بەڕووی فڕۆکە مەدەنییەکاندا، پرۆسەکەی راگرتووە.
لە یادی کارەساتەکەی هەڵەبجەدا، 964 پەیوەندی بە رەهێڵ قادر، خوشکەزای رەفیق سابیرەوە کرد، ئەو وتی، “هەر چاوەڕێین بۆ ئەوەی کارەکان تەواو بکرێن و ئاسمانی ناوچەکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین تەرمەکەی بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان”.
گەڕاندنەوەی تەرمی رەفیق سابیر، جێبەجێکردنی یەکێکە لەو سێ وەسێتەی کە پێش مەرگی کردوویەتی. رەهێڵ قادر بۆ 964ـی ئاشکرا کرد کە خاڵۆی پێش گیانسپاردنی ئەم وەسێتانەی کردووە:
یەکەم: ئەگەر کرا تەرمەکەم ببەنەوە بۆ کوردستان و لە زێدی خۆم لە قەڵادزێ بمنێژن.
دووەم: سەرجەم کتێب و کتێبخانە تایبەتییەکەم پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ دەکەم.
سێیەم: کۆمەڵێک “نامەی ئەدەبی”م هەیە، دوای مردنم بڵاویان بکەنەوە.
رەفیق سابیر (لەدایکبووی 1950 – قەڵادزێ)، یەکێک بوو لە دیارترین شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد. کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 28.2.2026، لە نەخۆشخانەی بەناوبانگی “کارۆلینسکا” لە ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد. وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، چەند رۆژێک پێش مەرگی نەشتەرگەرییەکی بۆ کرابوو، بەڵام جەستەی بەرگەی نەگرت و کاردانەوەی بۆ چارەسەرەکان لاواز بوو، تا دواجار بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین.