"باشتر وایە هاوڵاتیان بە پاس و تاکسی هاتوچۆ بکەن"

بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی ناو بازاڕ چەند شەقامێک لە سلێمانی دادەخرێن

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دەمەو جەژنە و لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆر لەناو شەقامەکانی سلێمانی دروستبووە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو جەنجاڵییە هاتوچۆ بڕیاریدا چەند شەقامێک بەڕووی ئۆتۆمبێل دابخات.

لە ئێستادا ئەو شەقامانەی دادەخڕێن، شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ و شەقامی مەولەوین، بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەمیشە بەرەجەژنان بەهۆی بازاڕکردنی هاوڵاتیان و ئەو عارەبانانەی لەسەر شەقامەکان دادەنرێن، لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بۆ کاری زۆر زەروور نەبێ، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی ناو سەنتەری شار نەکەن، بەتایبەتیش چەند شەقامێکی وەک وەرزی و مەولەوی و سابوونکەران”.

“لەبەر ئەوەی قەرەباڵغیی زیاتر دوای نیوەڕۆ و ئێواران دروست دەبێت، بەپێی بڕیارەکە شەقامەکان لەو کاتانەدا بەڕووی ئۆتۆمبێل دادەخرێن، بەڵام مەفرەزەکانمان هەمیشە لەسەر شەقامن و هەرکات هەستیان بەوە کرد کە جەنجاڵی دروست بووە، شەقامەکە دادەخەن، ئەگەر بەیانیش بێت”، بەهمەن عەبدوڵا وای وت.

داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، باشتر وایە لەم ماوەیەدا بە هێڵەکانی پاس و تاکسی هاتوچۆ بکەن، یان ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەراجەکانیان دوور لە بازاڕ دابنێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

هاتوچۆی سلێمانی قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە

هاتوچۆی سلێمانی قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە