لە بازگەى باوە مەحمود

لە بازگە نەوەستاوە؛ حەشدی شەعبی و پۆلیس پێشمەرگەیەکیان بریندار کرد

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

ئەمڕۆ شەممە، پێشمەرگەیەک لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە بازگەی باوەمەحمود لە سنووری خانەقین نەوەستاوە و لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی عێراقییەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو.

پێشمەرگەکە ناوی (سەیوان عەلی)ـیە و پێشمەرگەی لیوای سێی فەوجی سێی پیادەیە. بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:30 خولەک لەدوای تەواوبوونی ئەرکەکەی، ویستویەتی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە قەزای کفری، بەڵام لە دووڕیانی باوەمەحمود پۆلیس و حەشد هەوڵی راگرتنیان داوە.

سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە گەرمیان بە 964ـی راگەیاند: “راستە ئەو پێشمەرگەیە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقەی لێکراوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوە بووە کە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای پێبووە و لە بازگەکە نەوەستاوە، ئەوانیش تەقەیان لێکردووە.” (بەپێی رێنماییەکان رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بچێتە ناو شاری خانەقین و ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق).

مەریوان جەبار، ھاوڕێی پێشمەرگە بریندارەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەیوان لە خەمی ئەوەدا بووە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا نەگرن، بۆیە نەوەستاوە، بەڵام هێزەکانی ناو بازگەکە بە چەکی کڵاشینکۆف و بیکەیسی دەستڕێژییان لێکردووە و ئۆتۆمبێلەکەیان کونڕێژ کردووە.

بە وتەی هاوڕێکەی، سەیوان سێ فیشەکی بەرکەوتووە؛ فیشەکێک بەر شانی کەوتووە و دەرچووە، دوو فیشەکەکەی دیکەش بەر فەقەرات و حەوزی کەوتوون و تێیدا ماونەتەوە.

ئێستا پێشمەرگەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، دۆخی تەندروستیی تا رادەیەک جێگیرە و چاوەڕێ دەکرێت نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانی فیشەکەکانی پشتی و حەوزی بۆ بکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە گەرمیان چوار كەس بریندار بوون

لە گەرمیان چوار كەس بریندار بوون