گرفیك: 964+
حكومه‌ت دابه‌شكردنى موچه‌ى له 18 رۆژه‌وه كرده 22 رۆژ
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی به‌داداچوونه‌كانى 964، تا دێت ماوه‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگانه‌ى فه‌رمانبه‌ران له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه، درێژ ده‌بێته‌وه، ده‌ركه‌وتووه كه له‌ماوه‌ى چوار مانگدا، دابه‌شكردنى موچه له 18 رۆژه‌وه بووه‌ته 22 رۆژ.
به‌پێی ئه‌و به‌دواداچوونه، موچه‌ى مانگى 11ـى 2022، له 4.12.2022 ده‌ستپێكردووه‌و له 22.12.2022 دابه‌شكردنى ته‌واو بووه، كه ماوه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ى 18 رۆژ بووه، به‌هه‌مانشێوه موچه‌ى مانگى 12ـى 2022 یش، له 4.1.2023 ده‌ستپێكردووه و له 22.1.2023 دابه‌شكردنى ته‌واو بووه، كه ئه‌ویش ماوه‌كه‌ى 18 رۆژ بووه.
هه‌روه‌ها موچه‌ى مانگى 1ـى 2023 ، له 6.2.2023 ده‌ستپێكردووه‌و له 28.2.2023 دابه‌شكردنى ته‌واو بووه، كه ماوه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ى بووه‌ته 22 رۆژ. هه‌مانكات موچه‌ى مانگى 2ـى 2023 ، له 8.3.2023 ده‌ستپێكردووه‌و له 30.3.2023 دابه‌شكردنى ته‌واو ده‌بێت، كه ماوه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ى 22 رۆژه.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 له‌وه‌ته‌ى ساڵى 2015ه‌وه حکومه‌تى هه‌رێم 35 موچه‌ى پاشه‌که‌وت و هه‌شت موچه‌ى ته‌واوى موچه‌خۆرانى هه‌رێمی نه‌داوه و کۆى پاره‌ى ئه‌و موچانه‌ش ده‌گاته زیاتر له 10 ترلیۆن دینار.
له‌ساڵى 2015 دا حکومه‌تى هه‌رێم چوار موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى به ته‌واوى دابه‌شنه‌کردووه، له ساڵه‌کانى 2016 و 2017 ش، 23 مانگ چاره‌که موچه‌ی داوه به فه‌رمانبه‌ران، له‌ساڵى 2018 شدا، که بۆ دووه‌مجار ده‌ستکارى پاشه‌که‌وتى موچه کرا، 12 مانگى دیکه موچه‌خۆران له نیوه زیاتر موچه‌کانیان وه‌رگرت، واتا موچه‌ى ته‌واویان وه‌رنه‌گرتووه.