پەرلەمانتارێکی ئەوروپا وا دەڵێت
گەمارۆدانی کۆبانی رێگری لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوان (هەسەدە) و حکومەتی سوریا کردووە
964+
فەرهاد حەسەن
پەرلەمانتارێکی ئەوروپا دەڵێت، گەمارۆدانی شاری کۆبانی رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان (حەسەدە) و حکومەتی سوریا کردووە و بە پێویستی زانی هەرچی زووە گەمارۆکە هەڵبگیرێت.
پیێر کلاوسن، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە پارتی لیستی یەکگرتوویی دانیمارک، بەدواداچوونی بۆ کاروباری سوریا کردووە و بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار، جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بە گەمارۆی کۆبانی و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەش کردووەتەوە کە تاوانیان لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەمجامداوە، ئەو دەڵێت “پابەندنەبوونی حکومەتی کاتی سوریا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێکەوتنەکە و داننەنان بە دەستکەوتەکانی رۆژئاوا، رێگری دەکات لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی نێوانیان”.
پێیوایە، رێککەوتنەکە هەنگاوێکی یەکەمی گرنگە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و رێگە خۆشکردن بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا، ئەوەشی روونکردووەتەوە کە گەیشتن بە رێکەوتنێکی فەرمی هەنگاوێکی دروست و پێویستە بۆ راگرتنی پەرەسەندنی توندوتیژی لە سوریا.
کلاوسن ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە تاڕادەیەک بەشداری لە هێورکردنەوەی دۆخەکەدا کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لە راگرتنی فشارە سەربازی و سیاسییەکان بۆ سەر هەندێک ناوچە لەوانەش کۆبانی، داواشی کرد “پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێندرێت کە بەسەر کۆبانیدا سەپێندراوە، لێپرسینەوەش لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە تاوانەکان کە لە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی پیادەکراوە”.
کلاوسن هۆشداریشیدا، کە بەردەوامی دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێکەوتنەکە، رەنگە پێگەی دیمەشق بەهێزتر بکات بەهۆی ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی کە وەریدەگرێت و لە بەرامبەریشدا رۆژئاوا لاواز بکات لەژێر ئەو فشارە سیاسی و سەربازییانەی رووبەڕووی دەکرێتەوە، بە پلەی یەکەمیش تورکیا. جەختی لە سەر پێویستی پشتیوانی لەو ئەزموونە دیموکراسییە کردەوە کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵداوە و بەرز نرخاندنی دەستکەوتەکانی لە حوکمڕانی ناوخۆییدا.