یەکێکیش هەڵاتووە

لە ئاکرێ چوار کەس بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

964+

فەرهاد حەسەن

پولیسی ئاکرێ دەڵێت، لەلایەن هاوڵاتیانەوە زانیاریان پێدراوە کە چەند کەسێک سەرقاڵی بەکارهێنان و بازرگانیکردنن بە مادەی هۆشبەرەوە ئەوانیش دوای بەدواداچوون راستی زانیارییەکانیان بۆ رووبووەتەوە و چوار کەسیان بەو تۆمەتانە دەستگیرکردوون.

شەوی رابردوو ئەم زانیاریانە بە پۆلیسی بەردەڕەش دراوە، کە بە چاوی خۆیان ئەم هاوڵاتیانەیان بینیوە ئەم کارە دەکەن.

پۆلیس دەڵێت، یەکسەر مەفرەزیەکی بنکەی کەلەکیان ناردووە ئەم چوار کەسەیان دەستگیر کردوون، کە بریتین لە (ھ.م.ح) تەمەن 27 ساڵ، (ی.ج.ا) تەمەن 25 ساڵ، (م.و.ا) تەمەن 22 ساڵ و (ع.ع.خ) تەمەن 20 ساڵ و دەشڵێت “لەگەڵ دەستگیرکردنیان دەست بەسەر 20 گرام مادەی کریستاڵیشدا گیراوە”.

هەر ئەوەش نا، پۆلیس زانیاریان دەستکەوتبوو کە تۆماتبارێکی دیکە بەناوی (ر.ب.ب) تەمەن 22 ساڵ لە سنوورەکەیاندا هەیە و بەدواداچوونیان بۆ کردووە بەڵام دەڵێت “هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە”.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەڕەش و بەپێی مادەی (28) لە یاسای مادەی هۆشبەرلێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.