عهریزهنووسهكان گردبوونهوه
“بەڵێندەرێک هاتووه و دهستی بهسهر کاری عەریزەنووسانی کەرکوکدا گرتووه”
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
کەسێک وەک بەڵێندەر خۆی ناساندووە، نووسراوێکی هێناوە لە بەغداوە و دەیەوێت کابینەیەک لە ناو فەرمانگەی دادنووسی ئێواران دابنێت و کاری عەریزەنووسی بکات، لە دژی ئەو هەوڵەش عەریزەنووسەکان ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی دادنووسی ئێواران گردبوونەوە و داوا دەکەن چارەسەریان بۆ بکەن و بێ کار نەبن.
محەمەد سەلام عەریزەنووسە و بە964ی وت، کەسێک هاتووە و نووسراوێکی پێیە و دەڵێت، ناهێڵێت چیتر لێرە کاربکەن، لەکاتێکدا لە سەرتای کردنەوەی فەرمانگەی دادنووسی ئێواراندا ئێمە لێرە کاردەکەین و مۆڵەتی فەرمیمان هەیە.
وتیشی: کابرا دەڵێت لە بەغدا رێکەوتنم کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دادنووسی و بە بڕی 200 هەزار دۆلارم داوە، دەبێت هەمووتان بڕۆنە ماڵەوە و لێرە تەنیا ئەو مافی کارکردنی دەبێت.
هەروەها یونس حوسێن عەریزەنووسە و بە 964ـی وت، نزیکەی 70 کەسین لەم شوێنە کاری عەریزەنووسی دەکەین، کابرا هاتووە دەڵێت خزمی بەڕێوەبەرم، دەیەوێت کۆشکەکانمان لابەرێت و دەشڵێت پشتی هەیە.
یونس حوسێن دەڵێت، زۆربەمان دەرچووی زانکۆین یان خوێندکاری زانکۆین، بە بڕیاری دادگا و بە یاسایش هیچ یاسایەک نییە کۆشک لە ناو فەرمانگەی حکومی دابنێت، ئەو هاتووە دەیەوێت بژێوی ژیانی ئەو هەمووان ببڕێت.
چارەسەر چییە؟
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، بەپێی بەدواداچوونمان، ئەو کێشەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کەرکوک نییە و هیچ نووسراوێک نەکراوە، بەڵکو کێشەکە لە بەغدایە و لەوێوە نووسراو کراوە بۆ کەرکوک، عەریزەنووسەکان دەتوانن بە فەرمی سەردانی بەغدا بکەن، یاخود سەردانی ئیدارەی کەرکوک بکەن، یان ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی دەست بەدواداچون بکرێت و کێشە چارەسەر بکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا