"لە رۆژئاوا ئەمریکا خیانەتی لێکردین"

هۆشداری دەدرێتە کوردانی رۆژهەڵات بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا لە دژی ئێراندا بکەن

964+

فەرهاد حەسەن

دانیشتوانی کوردی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، کوردەکانی ئێرانیان لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی ئێران هۆشداریدا و ئەزموونی خۆیان لە چەند مانگی رابردوودا لە سوریا وەک بەڵگەیەک هێنایەوە کە هاوتا ئێرانییەکانیان “وازیان لێدەهێنرێت”.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزە کوردییەکانی ئێران کە بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە، لە چەند رۆژی رابردوودا راوێژیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە سەبارەت بەوەی، کە ئایا و چۆن هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان لە رۆژئاوای ئێران، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی روبەڕووی ئێران بوونەتەوە، بەڵام کوردەکانی سوریا هۆشدارییان بە هاوتا ئێرانییەکانیان داوە لە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ واشنتۆن.

سەعد عەلی، تەمەن 45 ساڵ دانیشتووی شارۆچکەی قامیشلۆ دەڵێت “هیوادارم کوردەکانی ئێران هاوپەیمانی ئەمریکا نەکەن، چونکە وازیان لێدەهێنن”.

ناوبراو بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “سبەی ئەگەر رێکەوتنێک لە نێوان ئەوان (ئەمریکا) و ئێرانییەکان بکرێت، ئەوا لەناو دەبرێن، بۆیە پێویستە ⁠هەڵەکانی ئێمە دووبارە نەکەنەوە”.

شەرڤانانی کوردی سوریا زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی، ناوچەی نیمچە سەربەخۆی خۆیان لەو خاکەدا دانا کە دەستیان بەسەر چەکدارە ئیسلامییە سەروو کۆنەپەرستەکاندا گرتبوو.

بەڵام لە مانگی یەکی ئەمساڵدا سوپای نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی کۆماری سوریا لە هێرشێکی بەرفراواندا زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی کوردەکانی گرت، کوردەکانی سوریا داوای لە ئەمریکا کرد بەناوی ئەوانەوە دەستوەردان بکات، بەڵام کاتێک واشنتۆن لەبری ئەوە داوای لێکردن لەگەڵ هێزەکانی شەرع یەکبگرن، هەستیان بە خیانەت کرد.

ئەمجەد کاردۆ، کوردێکی سوریای تەمەن 26 ساڵ لە قامیشلۆ دەڵێت، بە بۆچوونی من کورد لە ئێران پێویستە هەڵوێستێکی پتەوی بپارێزێت ، بەبێ گەرەنتی پتەو، واژۆکراوی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی ئەم ناوچە کوردنشینانە لە ئێران، بەشداری هیچ شەڕێک لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا ناکەن.

سەرچاوەیەکی کوردی ئێرانی بر رۆیتەرزی رایگەیاند، سەرکردە کوردەکان بەڕاستی نیگەرانییان هەیە لەوەی کە “خیانەت”یان لێ بکرێت وەک گروپە کوردیەکان لە باکووری سوریا و ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردە کوردەکانی ئێران داوای گەرەنتییان لە ئەمریکا کردووە، بەبێ ئەوەی بڵێن ئەو گەرەنتیانە چیین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەگەر هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە سنوورەکان ببڕن و بچنە ناو ئێران، ئەوە “سەرسوڕهێنەر دەبێت”، بەڵام رەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا پشتیوانی ئاسمانییان پێشکەش دەکات ئەگەر ئەو کارە بکەن، یاخود نا؟.

بەڵام رۆژی شەممە، دەرکەوت کە ترەمپ قسەکانی دەگۆڕێت، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە نایەوێت شەڕڤانانی کورد بچنە ناو ئێرانەوە.

ئەحمەد بەرەکات، سەرۆکی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پێویستە هێزە کوردییەکانی ئێران “زۆر وریابن”.

بەرەکات دەڵێت، کە بڕیارەکە دواجار پەیوەستە بە ئەوانەوە، بەڵام پێیوابوو کە “قبووڵکردنی بانگهێشتی ئەمریکا و بە سەری رم لە ڕووبەڕووبوونەوە یاخود لاوازکردنی رژێمی ئێران دادەنرێت، لە بەرژەوەندیی کوردانی ئێراندا نییە”.