"ئەمڕۆ خشتەکە بڵاودەکەینەوە"
موچەکە بەنیوەچڵی هات و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت
964+
شۆڕش قادری
گوژمەیەکی دیکەی موچەی مانگی 2ـی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و بڕیارە ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بڕی ( 295) ملیارو ( 405) ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکراوە، هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
پێشتریش بە دوو وەجبەی دیکەی پارەی موچەی مانگی 2ـی فەرمانبەران خرابووە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کە یەکەمیان رۆژى 5ـى ئەم مانگە بوو و بڕى 274 ملیار و 962 ملیۆن دیناری گەیشت و دوێنێش، گوژمەیەکى تر بە بڕى 365 ملیار و 702 ملیۆن دینار خرایەسەر هەژماری وزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ ئەم مانگەش گلەیی هەیە و دەڵێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن و 881 هەزار دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.