"ئەمساڵ کەم بووەتەوە

کوزەڵەکەی شارەزوور بە چوار هەزارە و بەریش ناکەوێ

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار و سازگاری کانی و کانیاوەکان، جۆرە گیاییەک سەوز دەبێت و پێدەڵێن کوزەڵە، هاوڵاتییەک کوزەڵەی کانیاوەکانی دەشتی شارەزوور هێناوە و لەناوبازاڕی قەزاکە دەیفرۆشێت، دەڵێ بەرناکەوێ.

سڵێمان ئەحمەد، کاسبکارێکی قەزای شارەزوورە بۆ 964 وتی، ساڵانە  لەکاتی پێگەشتنی کوزەڵە لەکانیاوەکانی دەشتی شارەزوور دەچم دەیهێنم و دەیفرۆشم، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بارانی زۆر باری و لافاو دروستبوو، بەشێکی زۆری کوزەڵە لەکانیاوەکان ئاوبردی، ئەمساڵ بەزەحمەت کوزەڵە دەستدەکەوێت و دەبێت رێگایەکی دوور ببڕین بۆ دەستکەوتنی.

ئەمساڵ بەهۆی کەمی کوزەڵەوە کیلۆی بە چوار هەزارە، ساڵانی پێشوو کیلۆی بە دوو هەزار بوو، وەک مام سلێمان ئەحمەد باسی دەکات، سەوزەیەکی خۆش و ئاودارە و خەڵکی وەک دەرمان دەیکڕن و دەڵێن بۆ گورچیلە باشە، لەبری شیرینی  کوزەڵە دەبرێتەوە، بۆیە بەزووی هەرچەند بێنن تەواو دەبێت و بەرناکەوێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا