سه‌رۆكی ئێران:

“ئێران چه‌كی ئه‌تۆمی دروست ناكات، بابه‌ته‌كه‌ فیقهییه‌”

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

مەسعود پزیشكیان سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەک نیازی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نییە و جەختی لەوە کرده‌وه‌، کە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای “بنەما ئایدیۆلۆژی و فیقهییەکان” دامەزراوە، نەک حیساباتی سیاسی.

سه‌رۆكی ئێران روونی کردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری ئێران فەتوای قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژی دەرکردووه‌ و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە یەکلاکەرەوەیه‌، بەو مانایەی تاران چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە “حوکمێکی فیقهی جێگیرە”، نەک تاکتیکێکی گۆڕاو.

سه‌رۆكی ئێران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کرد، کە بانگەشەی کوژرانی 32 هەزار کەسی لە رووداوەکانی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵی ئێران كرد.

پزیشكیان دووپاتی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ناو و ژمارەی ناسنامەی نیشتمانیی قوربانییانیان بڵاوکردۆتەوە و داوای لە هەر کەسێک کردووە کە زانیاری زیاتری هەیە بە بەڵگەوە بێنە پێشەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوانەی دەستیان لە سووتاندنی مزگەوتەکان و کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان هەیە “ناتوانرێت بە خۆپیشاندەران وەسف بکرێن”.

ئەم لێدوانانە له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ گه‌ڕی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا له‌ ژنێڤ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، لە کاتێکیشدایه‌ واشنتۆن بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، تۆمەتێک تاران بەردەوام رەتیدەکاتەوە.