چەند منداڵێک لە دهۆک بە شێوازی زمانی جەستە باسی مێژووی کورد دەکەن
964+
شیڤان عەبدوڵلا – زاخۆ
لە رۆژی جلوبەرگی کوردیدا، قوتابیانی قوتابخانەی رێزان دوو لە پارێزگای دهۆک، شانۆگەری “دڵۆپێک لە دەریایەک” نمایش دەکەن، شێوازی نمایشەکە بە زمانی جەستە بوو، واتا هیچ گفتوگۆیەکی زارەکی تێدا نەبوو.
ئەو قوتابیانە ژمارەیان 21 قوتابی بووە، تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 14 ساڵان بووە، بە وتەی دەرهێنەری شانۆگەریەکە ناوەرۆکەکەی باسکردن بووە لە قۆناغی مێژووی میزۆپۆتامیا تا راپەڕین.
مێهڤان سەعید، دەرهێنەری شانۆگەریەکەیە بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت “بەسێ قۆناغ گوزارشتمان لە مێژووی کورد کردووە، قۆناغی یەکەم دەستپێکردنەوەی ژیان دوای تۆفانە گەورەکەی مێژوو کە بە تۆفانی حەزرەتی نوح ناسراوە، قۆناغی دووەم، باسی پارچەکردنی بەشەکانی کوردستان تا کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قۆناغی سێیەم باسکردن بووە لە رۆژی راپەڕین”.
قوتابخانەی رێزان دوو، قوتابخانەیەکی بنەڕەتییە و دەکەوێتە سەنتەری پارێزگای دهۆک.