بڕیاری دیکەشی دەرکردووە

بە بڕیاری پارێزگار سبەینێ هەموو رێگاکانی چوونە ناو حەسەکە دەکرێنەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە، ژمارەیەک بڕیاری بۆ دۆخی بازرگانی، خزمەتگوزاری و ئەمنی پارێزگاکەی دەرکرد و دەڵێ، لە سبەینێ یەکشەممەوە 22.2.2026، سەرجەم رێگاکانی چوونە ناو حەسەکە دەکرێنەوە.

ئەو رێگایانە، بەهۆی پێکدادان و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان سوپای سوریا و ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” داخرابوون.

لەگەڵ ئەوەدا وابڕیارە ئەمڕۆ شەممە 21.2.2026، شاندێکی تەکنیکی لە دیمەشقەوە بگەنە قامیشلۆ، ئەوەش بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی بازاڕ، بڕیار دراوە کۆمیتەیەک چاودێر بن بەسەر دۆخەکەوە.

چارەنووسی ئەو کارمەندانەش دیاری کراوە، کە دەرکراون و لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو کارمەندانەی لەسەر کار دەکراون، نوورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەکە فەرمانی کردووە، بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان بگەڕێندرێنەوە سەر کارەکانیان.

هەروەها فەرمان کراوە، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن، بەبێ ئەوەی روون بکرێتەوە ئەو کەسانە کێن، کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.