حکومەتی بەلجیکا تیکتۆکی لە کارمەندەکانی قەدەغە کرد

+964

عادل کانەبی

حکومەتی بەلجیکا تیکتۆکی لە کارمەندەکانی قەدەغە کرد و تیکتۆکیش رەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت.

ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئەمڕۆ شەممە 11.3.2023 رایگەیاند، ئیتر رێگە بە کارمەندانی حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا نادرێت ئەپی ڤیدیۆیی تیکتۆک، کە چین خاوەنداریەتیی دەکات، لە مۆبایلەکانی کارەکانیاندا بەکاربهێنن.

دی کڕۆ هۆکاری قەدەغەکردنی ئەپەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، تیکتۆک داتایەکی زۆری بەکارهێنەرانی کۆدەکاتەوە و لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی چین هاوبەشی دەکات.
کۆمپانیای تیکتۆک لە رێگەی بەیاننامەیەک رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و وتی، “ئەم بڕیارە لەسەر بنەما و زانیاری ناڕاست دراوە”.

ئەمە یەکەم جار نییە بڕیاری لەم جۆرە بدرێت، مانگی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بەکارهێنانی تیکتۆکیان لەسەر مۆبایلی کارمەندان قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە تیکتۆک و ئەگەری ئەوەی حکومەتی چین بتوانێت داتای بەکارهێنەران کۆبکاتەوە.

تۆڕی کۆمەڵایەتی Tik Tok کە تۆڕێکی چینییە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2016 کەوتە بەردەستی بەکاربەران، بەپێی نوێترین ئامار، کە لە چارەگی کۆتایی ساڵی 2022 بڵاو بووه‌ته‌وە، مانگانە لە هەموو جیهاندا نزیکی یەک ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەبووە.