چوار رۆژ لەمەوبەر جوڵەى نەبوو
حاجی لەقلەقەکەی کەلار چاکبووەوە و لە بازاڕ پیاسە دەکات
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
پێش چوار رۆژ لە کەناری سیروان خەریک بوو گیانی دەردەچوو و توانای جوڵەی نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە “فولکەی بازاڕ”ـی کەلار پیاسەی دەکرد؛ چیرۆکی ئەو حاجی لەقلەقەی سەرکەوت رزگاری کرد، گەیشتە قۆناغێکی خۆش.
سەرکەوت حوسێن، ئەو گەنجە کەلارییەی 15ـی ئەم مانگە لەسەر رووباری سیروان باڵندەکەی دۆزییەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤیدیۆیەکی نوێی ناردووە و دەردەکەوێت حاجی لەقلەقەکە تەندروستی باشە و لەسەر پێیەکانی خۆی دەوەستێت.
سەرکەوت بە 964ـی وت، “خزمەتکردنی باڵندەکە بەردەوامە و ئامادەم تا ئەو کاتەی بە تەواوی چاک دەبێتەوە خزمەتی بکەم”.
بە وتەی ئەو گەنجە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە داوای کڕینی باڵندەکەیان لێکردووە، ئەو دەڵێت، “500 دۆلاریان پێدام بۆ ئەوەی بیفرۆشم، بەڵام پێم وتن ئەگەر یەک دەفتەر دۆلاریشم (10 هەزار دۆلار) بدەنێ نایفرۆشم”.
سەرکەوت سورە لەسەر ئەوەی دوای چاکبوونەوەی تەواوەتی، حاجی لەقلەقەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی خۆی و ئازادی بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 15.2.2026 ئەو گەنجە باڵندەکەی بە پەککەوتوویی لە لێواری رووباری سیروان دۆزییەوە و راستەوخۆ گەیاندیە پزیشکی ڤێتێرنەری و چارەسەری بۆ وەرگرت.