هەرێمى کوردستان هەڵوێستى چییە؟
عێراق؛ سوریا دەخاتە سەر نەخشەی رێگای گەشەپێدان
964+
وریا فەتاح
لەکاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر سیستمی گومرگیی “ئەسکۆدا” بەردەوامە، محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کرد بە خێرایی هەردوو دەروازەی “وەلید” و “رەبیعە” لەگەڵ سوریا بکرێنەوە و ببەسترێنەوە بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانەوە، ئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی بازرگانیی ناوچەکە و ئەگەری گۆڕینی رێڕەوی رێگاکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سوریا لێکدەدرێتەوە.
بەپێی فەرمانەکە، دەبێت بە خێرایی سود لە دەروازەکانی سوریا وەربگیرێت بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان (ئەو رێگایەی بەندەری فاو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە).
ئەم بڕیارە عێراق دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی “تەنەف”ـی سنوری سوریا کشاونەتەوە و تۆم بارک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ هانی نزیکبوونەوەی بەغدا و دیمەشق دەدات.
بەکارهێنانی رێگای سوریا، فشارێکی بەغدایە بۆ سەر هەرێم تا مل بدات بۆ سیستمی گومرگیی “ئەسکۆدا”
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان رایگەیاند، سودانی فەرمانی کردووە بە کردنەوەی دەروازەکانی وەلید و رەبیعە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەستنەوەیان بە رێگای گەشەپێدانەوە، تیمەکانیان ئێستا لەوێ دەستبەکاربوون.
تا ئێستا نەخشەی کۆتایی رێگاکە یەکلایی نەبووەتەوە؛ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە، پێشتر پێشنیاریان کردبوو رێگاکە بە رۆژهەڵاتی دیجلەدا تێبپەڕێت (تەلکێف، ئەلقوش، دهۆک بۆ دەروازەیەکی نوێ )، کە بە وتەی ئەوان 30 کیلۆمەتر رێگاکە کورت دەکاتەوە و ئارامترە.
لە بەرامبەردا، فەواز مەشعان جەربا، بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە بە 964ـی وت، “رێگای رەبیعە زۆر نزیکترە، لە تورکیاوە بۆ موسڵ تەنیا 180 کیلۆمەترە ئەگەر بە رەبیعە و سوریادا بێت”.
بەشێک لە شارەزایانی ئابووری وەک مەحمود داغیر و مستەفا حەنتوش، پێیان وایە جوڵاندنی دۆسیەی “سوریا و رەبیعە” پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هەرێمی کوردستان نەچووەتە ژێر بارى سیستمی “ئەسکۆدا” بۆ یەکخستنی گومرگ.
پەیامى بەغدا بۆ هەرێم
بەغدا دەیەوێت بە کردنەوەی رێگای سوریا، پەیامێک بدات کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، دەتوانن بازرگانیی تورکیا لە رێگای سوریا و رەبیعەوە بۆ عێراق بگوازنەوە و پێویستیان بە ئیبراهیم خەلیل نەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە بازرگانان بەهۆی توندوتۆڵی رێکارەکانی بەغدا روویان لە دەروازەکانی هەرێم کردبوو.
ئەسکۆدا چییە؟
ئەسکۆدا سیستمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ و کۆکردنەوەی باج بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، ئامانج لێی نەهێشتنی گەندەڵییە و بەستنەوەیەتى بە هەموو دەروازەکان و لە ژێر سەرپەرشتى ناوەند دەبێت.