پارێزگاری نوێ پێشوازی لە وەزیر کرد
کەموکوڕییە تەندروستییەکانی پارێزگای حەسەکە ناهێڵدرێن
964+
فەرهاد حەسەن
وەزیری تەندروستیی حکومەتی کاتیی سوریا لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە کۆبووەوە، تێیدا رەوشی تەندروستی شارەکە و رێکارەکانی گەیاندنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ نوردین عیسا ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، پێشوازی لە موسعەب نەزال ئەلعەلی، وەزیری تەندروستی حکومەتی کاتیی سوریا کرد، کە یەکەم وەزر=یری ئەم حکومەتەیە سەردانی ئەو شارەی کردووە.
لە کۆبوونەوەی نێوان پارێزگار و وەزیردا، باس لە کەموکوڕییەکانی هەندێک لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان کرا، هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ مەدەنییەکان کردەوە.
سەردانی نەخۆشخانەی گەلیان لە حەسەکە کرد و لە نزیکەوە گوێیان لە داواکاری و کێشەی نەخۆشەکان گرت، پاشان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکەیان کرد بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار، وەزیری تەندروستی دووپاتیکردوەتەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی ئامێرە پزیشکییە پێویستەکان بۆ ئەو دامەزراوە تەندروستییانەی کە لە شارەکەدا کەموکوڕییان هەیە، تاوەکو بتوانن باشتر خزمەتگوزاری پێشکەشی هاوڵاتییان بکەن.