رێکخراوەکانی زمان کۆبوونەوە
داوای گەرەنتیکردنی زمانی کوردی لە دەستووری تورکیادا دەکرێت
964+
فەرهاد حەسەن
رێکخراوەکانی زمانی کوردیی داوای گەرەنتیکردنی زمانی کوردی لە دەستووری تورکیادا دەکەنم چونکە دەڵێن، زمان سەرچاوەی شکۆ و هەبوونە بۆ گەلان.
رێکخراوەکانی زمانی کوردی بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک کە 21ی ئەم مانگەیە، لە هۆڵی کۆنفرانسی عەلی میری شارەوانی گەورە شاری ئامەد، راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن “زمان سەرچاوەی شکۆ و شووناس و هەبوونە بۆ گەلان و یەکسانی زمانی دایک و فرەزمانی بنەمای پێکەوەژیانن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، گەلی کورد زیاتر لە 100 ساڵە دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن و تواندنەوە سەبارەت بە ناسنامە و زمان تێدەکۆشێت و داواکراوە زمانی کوردیی ببێتە هەڵگری پێگەی خۆی لە دەستووردا و گەرەنتی بکرێت.
ئەم رێکجراوانە بە نیازن لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانیان بەم بۆنەیەوە، لە ژێر درووشمی “ستاتۆی کورد، پەروەردە بە زمانی کوردی”، پانێڵ، رێپێوان، نمایشی شانۆ، فیلم و دۆکیۆمێنتاری، شەوانی دەنگبێژیی، رۆژانی واژۆکردنی پەرتووک، کۆنسێرتی فرەزمانی بەڕێوەببەن، جگە لەوەش، لە بارەی پەروەردەوە سیمینار بۆ خێزانەکان سازدەکرێت، بۆ پاراستنی شێوەزاری کرمانجی نامە بۆ یونسکۆ و وەزارەتی پەروەردەی دەنێردرێت.
هەر لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی زمانی کوردی پێگە بەدەستدەهێنێت و دەبێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن لە خوێندنگەوە تاوەکو زانکۆ لە وڵاتی تورکیادا.
رۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە 21ی شوباتی ھەموو ساڵێک، ئامانج لەم رۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا، بۆیەکەمجار لە 17.10.1999 لەلایەن رێکخراوی یونێسکۆوە ئەم رۆژە بە فەرمی راگەیەندرا و ساڵی 2008یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو رۆژە پیشاندا و هەر ئەو ساڵەشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.