کەمی کارمەند و تەقینەوەکەی بێجی هۆکارن
قەیرانی بەنزین لە خورماتوو سەری هەڵداوەتەوە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ماوەی هەفتەیەکە قەیرانی بەنزین قەزای خورماتووی گرتووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کارمەند لە وێستگە حکومییەکان و کەمکردنەوەی بەشە سووتەمەنیی قەزاکە دەگەڕێتەوە.
هادی عەبدوڵا، کارمەند لە وێستگەی حکومیی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، پێشتر 24 کرێکاریان هەبووە بەڵام ئێستا بەهۆی خانەنشینبوون و نەمانی میلاک تەنیا پێنج کارمەند ماون، ئەمەش وایکردووە لە کۆی 12 مزەخەی وێستگەکە تەنیا دوو دانەیان کار بکەن و ئەوانی دیکە پەکیانکەوتووە.
وتیشی، جگە لە کەمیی کارمەند، بەشە بەنزینی خورماتوو لە کەرکوکەوە کەمکراوەتەوە بۆ 10 تا 20 هەزار لیتر، هەروەها بەهۆی تەقینەوەکەی چەند رۆژی رابردووی پاڵاوگەی بێجی، هەناردەی بەنزینی موحەسەن بۆ قەزاکە بە تەواوی راگیراوە.
باسی لەوەشکرد، سەرباری ئاراستەکردنی چەندین نووسراو بۆ ئیدارەی قەزاکە بە مەبەستی دابینکردنی میلاک، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و کێشەکە بەردەوامە، قەیرانەکە هەردوو وێستگە حکومییەکە و حەوت وێستگەی ئەهلی خورماتووی گرتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر