"فۆرم پڕمەکەنەوە"
کۆمپانیاى BP دانیشتووانی کەرکوک لە هەلی کارە “فەیکەکە” ئاگادار دەکاتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ماوەی دوو رۆژە بەشێک لە دانیشتوانى کەرکوک سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆڕم و کردنەوەی لینکێکن بەناوی “دامەزراندن لە کۆمپانیای BP”، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت: “هەمووی فەیکە و مەیکەنەوە”.
دوو رۆژە، لە چەند گرووپێکی تایبەت بە هەلی کار، لینکێک بڵاوکراوەتەوە و داوا لە خەڵک دەکرێت فۆڕم پڕبکەنەوە یان سەردانی بینای پارێزگای کەرکوک بکەن بۆ دامەزراندن.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای BP بە 964ی وت، “سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، لە ئێستادا هیچ هەلێکی دامەزراندنمان نییە و هەر کاتێک هەبێت بە فەرمی رایدەگەیەنین”.
سەرچاوەکە هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان و دەڵێت: “داواکارین وریابن، ئەو لینکانە نەکەنەوە و هیچ فۆڕمێک پڕنەکەنەوە، چونکە دوورن لە راستییەوە”.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 پەیوەندى بە نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکوکەوە کرد و نوسینگەکە رەتى کردەوە کە دامەزراندنیان راگەیاندبێت.
دەشڵێت:هەر کات دامەزراندن هەبێت ئەوە وەک لایەنێکى فەرمی لە رێگای نوسینگەی دامەزراندن لە ناو باڵەخانەی پارێزگای کەرکوک، رایدەگەیەنین”
نوسینگەى پارێزگارى کەرکوک داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە رێگەى هیچ نوسینگە و لایەنێکى نافەرمییەوە، فۆرمى دامەزراندن پڕنەکەنەوە و فرى و مەخۆن.
بۆیا داواکارین هاوڵاتیان لە رێگای هیچ نوسینگە ومەکتبێکەوە فۆڕمی دامەزراندن پڕنەکەنەوە بۆ ئەوی فرێونەدرێن.
کۆمپانیای (BP)ی بەریتانی، گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆ کردووە بۆ دۆزینەوە و نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی کەرکوک، بەڵام هێشتا دەرگای دامەزراندنی نەکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح